بڕیارێکی بەپەلە.. فیفا هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی هەڵپەسارد

16-08-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن فیفا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) و یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا (ئەی ئێف سی) لە نامەیەکی فەرمیدا داوایان لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کردووە، پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی یەکێتییەکە بەخێرایی رابگرن، بڕیاربوو هەڵبژاردنەکە لە کۆنگرەی نائاسایی رۆژی 16ـی مانگی 9ـی 2025 بەڕێوەبچێت.
 
فیفا و ئەی ئێف سی ئاماژەیان بەوەداوە، چەندین نامە و سکاڵایان لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و ئەندامانی لیژنەی جێبەجێکارییەوە پێگەیشتووە، دوای بەدواداچوون بۆ بەڵگەنامە و روونکردنەوەکان، گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی نیگەرانیی جددی هەیە لەسەر کارکردن، پێکهاتە و سەربەخۆیی لیژنەی هەڵبژاردن و لیژنەی تانەدان لە هەڵبژاردنەکان.
 
هەردوو رێکخراوەکە رایانگەیاندووە، شاندێکی هاوبەش بە گەیشتن بە راستییەکان لە مانگی 9ـی 2025ـدا رەوانەی عێراق دەکەن. شاندەکە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبێتەوە، لەوانە لیژنەی جێبەجێکار، کارگێڕیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و هەموو ئەندامە هەڵبژێردراوەکانی هەردوو لیژنەی هەڵبژاردنەکان.
 
ئامانجی سەردانەکە بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی تەواو و وردە لەبارەی رەوشی ئێستا. دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی شاندەکە، فیفا و ئەی ئێف سی رێنمایی و هەنگاوەکانی داهاتوو رادەگەیێنن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق بەپێی پەیڕەو و رێساکان و بە پڕەنسیپەکانی حوکمڕانیی باش، شەفافیەت و دەستپاکی بەڕێوەدەچێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە