رووداو دیجیتاڵ
کوژرانی نمێسیۆ ئۆسێگێرا سێرڤانتێس، ناسراو بە 'ئێل مێنچۆ' کە گەورەترین سەرۆکی باندەکانی ماددە هۆشبەرەکانە لە مەکسیك، شەپۆلێکی تووندوتیژی لە شاری گوادالاخارا لە مەکسیک دروستکردووە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر بۆ یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی سەبارەت بە میوانداریکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026 لەو شارەدا.
شاری گۆادالاخارا کە بڕیارە لە 11ـی مانگی 6ـی 2026 تاوەکو 26ـی هەمان مانگ میوانداریی 4 یاری قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال بکات، ئێستا لە دۆخێکی نائارامدایە. میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن بەرپرسانی باڵای فیفا بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکەن و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لە نێو رێکخراوەکەدا دروست بووە. یەکێك لە بەرپرسە باڵاکانی یەکێتییەکە بەبێ ئاشکراکردنی ناوی رایگەیاندووە، ئەگەر دۆخەکە بەخێرایی ئاسایی نەبێتەوە، لەوانەیە یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنی مۆندیال بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێنەوە.
دوای کوژرانی ئێل مێنچۆ، ئەندامانی باندەکەی چەندین رووبەڕووبوونەوەی چەکدارییان لەگەڵ سوپای مەکسیك ئەنجامداوە، ئۆتۆمبێلیان سووتاندووە و رێگەکانیان داخستووە. ئەم دۆخە وایکردووە جاکۆمۆ لێمۆس، پارێزگاری ویلایەتی جالیسکۆ بڕیاری راگرتنی گواستنەوەی گشتی و چالاکییە وەرزشییەکان بدات. هەر بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە یاریی دێربی نێوان چیڤاس و کلۆب ئەمریکا لە خولی خانمانی مەکسیك دواخرا.
فیفا رایگەیاندووە "ئێمە بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکەین و لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ دەسەڵاتدارانی مەکسیك". هەرچەندە فیفا بەفەرمی پشتگیری لە هاوبەشە مەکسیكییەکانی کردووە، بەڵام ئامادەنییە بەدڵنیاییەوە بڵێت یارییەکان لەو شارەدا دەمێننەوە و رایگەیاندووە کە نایەوێت قسە لەسەر گریمانەکان بکات.
شارەزایانی بواری باندی تاوانکاری لە مەکسیك پێیانوایە ئەم تووندوتیژییانە پەرچەکردارێکی کاتین بۆ کوژرانی سەرۆکەکەیان. ناتان جۆنز، یەکێك لەو شارەزایانە دەڵێت "ئەمە پەیامێکی تووندە بۆ حکومەت، بەڵام پێناچێت باندەکان زیان بە مۆندیال بگەیێنن، چونکە ئەوان وەك بازرگان سەیری ئەم رووداوە دەکەن و دەیانەوێت سوودی لێ ببینن".
حکومەتی مەکسیك بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، زیاتر لە 2000 سەربازی دیکەی رەوانەی شاری گۆادالاخارا کردووە. پارێزگاری شارەکەش دووپاتی دەکاتەوە کە کار بۆ گەڕانەوەی ئارامی دەکەن و دەیانەوێت لە رێگەی بەهێزکردنی سیستمە ئەمنییەکانەوە، دڵنیایی بدەنە فیفا و هاندەران کە مۆندیال لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەدەچێت.
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێ پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرۆکی نوێی مەکسیك هەیە، بەڵام نیگەرانییە گەورەکە ئەوەیە کە ئایا ئەم ئارامییە تاوەکو کاتی دەستپێکردنی مۆندیال بەردەوام دەبێت یان جارێکی دیکە پێکدادانەکان سەرهەڵدەدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ