برایەتی بۆ خولی نایاب ئامادەیە

16-09-2019
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو-هەولێر 

یانەی برایەتی بۆ وەرزی نوێی خولی یانە پلە نایابەکانی کوردستان بەفەرمی  مەشق و ئامادەکارییەکانی دەستپێکرد.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لە یاریگەی تایبەت بەخۆیان لە شاری هەولێر ئەنجامیاندا، فاتیح حەمەخانی راهێنەری یانەی برایەتی باسی لە ئامادەکاری تیپەکەی بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان کرد و رایگەیاند، ئەوان بۆ بەدەستهێنانی پلەیەکی باش بەشداری لە خولەکەدا دەکەن و هەوڵدەدەن رکابەری لەسەر نازناوەکە بکەن.

دواتر یاریزانە نوێیەکانیان پێشکەش بە میدیاکان کرد، کە ژمارەیان پێنچ یاریزانە و بریتین لە سەنگەر عەبدولکەریم یاریزانی پێشووی یانەی ئارارات، کاروان رەمەزان یاریزانی هێڵی بەرگری پێشووی ئاسۆ، سەفین عەبدولخالق یاریزانی هێڵی ناوەڕاست کە پێشتر لە یانەی ئارارات بووە، گۆران ناسیح بەرگریکاری پێشووی یانەکانی هەندرێن، هەولێر و ئاسۆ، هەروەها گریبەستیشیان لەگەڵ رێبین ئیسماعیل، هێرشبەری پێشووی ئارارات واژۆکرد.

یانەی برایەتی دوو رۆژ بەر لە ئیستا گرێبستی 12 یاریزانیان نوێکردەوە، لەگەڵ ئەوانیشدا 10 یاریزانیان لە تیپی لاوانەوە سەرخستووە بۆ تیپی یەکەم.

وەرزی رابردوو یانەی برایەتی لە خولی نایابی کوردستان نزیکبوو لەوەی دابەزێت بۆ خولی پلە یەکەکان، بەڵام دواتر پلەی 12ـی بەدەستهێنا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە