ریال مەدرید و سێ یانەی دیکە گەیشتنیان بۆ قۆناخی هەشت مسۆگەرکرد

18-03-2026
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ یانەی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ریال مەدرید گەیشتنی بە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ یەکلاکردەوە، دوای ئەوەی توانی بە ئەنجامی 2-1 لە یانەی مانچێستەر سیتی بباتەوە، لە چوارچێوەی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـدا ئەنجامدرا.
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە خولەکی 22ـدا لە رێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، پاشان ئێرلینگ هالاند لە خولەکی 41ـدا ئەنجامەکەی بۆ سیتی یەکسانکردەوە، بەڵام پێش کۆتایی هاتنی یارییەکە و لە خولەکی 90+3ـدا یاریزانە بەرازیلییەکە گەڕایەوە و گۆڵی دووەمی خۆی و تیپەکەی تۆمارکرد.
 
ریال مەدرید لە یاریی چووندا بە سێ گۆڵی بێ وەڵام سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو، بەمەش بە کۆی ئەنجامی هەردوو یاری (5-1) سەرکەوت بۆ قۆناخی داهاتوو.
 
بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی نیوەی دووەمی یارییەکەدا، هەواڵێکی ناخۆش و کتوپڕ هاندەرانی یانە شاهانەکەی نیگەران کرد، کاتێک بە شۆکێکی گەورەوە بینییان تێبۆ کۆرتوا بەهۆی پێکانەوە نەگەڕایەوە نێو یاریگا و ئەندرێ لونین لە شوێنی ئەو دەستی بە یاری کرد، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە لە نیوەی یەکەمدا ئاستێکی بەرزی نیشاندا و هیچ نیشانەیەکی پێکانی پێوە دیار نەبوو.
 
سپۆرتینگ ریمۆنتادایەکی مێژوویی ئەنجامدا
 
یانەی سپۆرتینگ کۆتایی بە سەرکێشییەکانی یانەی بۆدۆ گلیمتی نەرویجی هێنا، دوای ئەوەی توانی ریمۆنتادایەکی سەرسوڕهێنەر ئەنجام بدات، سپۆرتینگ کە لە یاریی چووندا بە ئەنجامی 3-0 دۆڕابوو، لە یاریی گەڕانەوەدا لەنێو یاریگای خۆیدا بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر لە میوانەکەی بردەوە ،یانە نەرویجییەکە کە بە 'ئەسپە رەشەکە"ـی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ دادەنرا، سەرەڕای ماڵئاواییکردنی، بە ئاستە بەرزەکەی لە یەکەم بەشدارییدا هەمووانی سەرسام کرد.
 
ئارسناڵ بلیتی قۆناخی هەشتی بڕی
 
یانەی ئارسیناڵ توانی بە ئەنجامی 2-0 لە یانەی لیڤەرکوزنی ئەڵمانی بباتەوە و بگاتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، ئارسیناڵ بە سوودوەرگرتن لە یەکسانبوونی یاریی چوون لە ئەڵمانیا، بە کۆی ئەنجامی هەردوو یاری 3-1 سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کرد.
 
پاریس سانجێرمان چێڵسی تێکشکاند
 
یانەی پاریس سانجێرمان جارێکی دیکە باڵادەستی خۆی بەسەر یانەی چێڵسیدا سەپاند و لە نێو یاریگای 'ستامفۆرد بریج' بە ئەنجامی 3-0 شکستی بە چێڵسی هێنا، یانە پاریسییەکە کە لە یاریی چوونیشدا لە پاریس 5-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنابوە، بە کۆی ئەنجامی هەردوو یاری 8-2 گەیشتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە. ئەم شکستە گەورەیە کێشە و لاوازییەکانی هێڵی بەرگری یانە لەندەنییەکەی زیاتر دەرخست و پاریسییەکانی وەک یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرەکانی نازناوەکە پێشاندا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە