رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕی 23ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی نەورۆز لەسەر یارگەی خۆی و لەبەردەم هاندەرانی، سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر یانەی قاسمدا بەدەستهێنا. ئەم بردنەوەیە تەنیا سێ خاڵ نەبوو، بەڵکو دیارییەکی پێشوەختەی جەژن بوو بۆ جەماوەری وەرزشیی شاری سلێمانی.
یارییەکە لەژێر بارانێکی بەلێزمە دەستیپێکرد. یاریزانانی نەورۆز هەر زوو کۆنتڕۆڵی ناوەڕاستی مەیدانیان گرتە دەست. تەنیا 9 خولەک بەسەر دەسپێکی یارییەکەدا تێپەڕی، کاتێک پاوڵ کۆمۆلافێ توانی بە ئەسیستێکی کلاودیۆ ئۆلیڤێرا گۆڵی یەکەم و پێشکەوتن بە لێدانێکی سەری نایاب بۆ نەورۆز تۆمار بکات.
نەورۆز لە هێرشەکانی بەردەوام بوو و لە خولەکی 18دا، محەمەد رەزا بە ئەسیستی محەمەد دلاوەر گۆڵی دووەمی تۆمار کرد و یارییەکەی گەرمتر کرد. هەرچەندە لە خولەکی 26دا یانەی قاسم لە رێگەی عەبدوڵا باسم جیاوازییەکەی کەمکردەوە بۆ یەک گۆڵ، دوای چەند هەوڵێک لە یاریزانانی هەردوولا بۆ سەر گۆڵی یەکدی بەڵام نیوەی یەکەم بەم ئەنجامە کۆتایی هات.
لە نیوەی دووەمدا، سەرەڕای هەوڵەکانی یانەی قاسم بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، بەڵام بەرگریی تووند و پۆڵاینی نەورۆز و توندوتۆڵیی هێڵی ناوەڕاست رێگر بوون. یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندیی کوڕانی نەورۆز کۆتایی هات.
بەم سەرکەوتنە، یانەی نەورۆز کۆی خاڵەکانی گەیاندە 31 خاڵ و لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت. ئەم بردنەوەیە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا هات، چونکە هاوکاتە لەگەڵ شەوی جەژنی رەمەزان، هەربۆیە هاندەرانی یانەکە ئەم سەرکەوتنەیان وەک "دوو جەژنە". وەسف کرد. ئێستا نەورۆز بە ورەیەکی بەرزەوە و بە جێگیری لە ناوەڕاستی ریزبەندی، چاوەڕوانی گەڕەکانی داهاتوو دەکات بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو پێشەوەی ریزبەندی هەنگاو بنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ