شەوێکی مێژوویی و سەرنجڕاکێش لە پۆرتوگال

17-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سپۆرتینگ لیسبۆنە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یارییەکانی ئەم وەرزی خولی تۆپی پێی پۆرتوگال کۆتاییدین، هەردوو یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە و بێنفیکا رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی خولەکە دەکەن.
 
یارییەکانی گەڕی 34ـی خولی پۆرتوگال، ئەمشەو لە یەک کاتدا و کاژێر 20:00 بەڕێوەدەچن، پێش ئەنجامدانی یارییەکانی ئەم گەڕەی خولەکە، سپۆرتینگ لیسبۆنە بە 79 خاڵ و بە جیاوازیی تەنیا سێ گۆڵ لەگەڵ بێنفیکا لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
ئەمشەو سپۆرتینگ لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ڤیتۆریا گیمارێشی خاوەنی پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکە یاری دەکات، ئەم یانەیەش دەیەوێت بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی ئەورووپیدا بکات و چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە.
 
یانەی بێنفیکای دووەمی ریزبەندی خولەکە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی سپۆرتینگ براگا یاری دەکات، ئەم یانەیە لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە و چاوی لە گەیشتنە بە یۆرۆپالیگ، بۆیە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی لە بێنفیکا بباتەوە.
 
سیناریۆکانی پاڵەوانبوونی یانەکان
 
*یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە بەبردنەوەی یارییەکەی راستەوخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجامی یاریی بێنفیکا دەبێتە پاڵەوان.
 
* سپۆرتینگ لیسبۆنە بەیەکسانبوون دەتوانێت نازناوەکە بباتەوە، بە مەرجێک بێنفیکا یارییەکەی نەباتەوە.
 
* یانەی بێنفیکا دەبێتە پاڵەوانی خولەکە، بەمەرجێک یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە لە یارییەکەیەدا یەکسانببێت یان بدۆڕێنێت.
 
ڤیکتۆر یۆکێرێش، هێرشبەری یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە، باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی خولی پۆرتوگالە، یاریزانەکە تاوەکو ئێستا 38 گۆڵی تۆمارکردووە و گۆڵکاری خولەکەیە و دوو هێندە و زیاتریش لە نزیکترین رکابەرییەوە گۆڵی تۆمارکردووە، کە هەریەکە لە سامو ئۆمۆردیۆن، هێرشبەری پۆرتۆ و ڤانگێلیس پاڤلیدیس، هێرشبەری بێنفیکا بە تۆمارکردنی 18 گۆڵ لە پلەی دووەم و سێیەمی گۆڵکارانی خولەکەدان.
 
سپۆرتینگ لیسبۆنە پاڵەوانی وەرزی رابردووە و 20 نازناوی خولی پۆرتوگالی لە مێژووی خۆیدا بردووەتەوە، یانەی بێنفیکا 38 نازناوی هەیە و دوایینجار لە وەرزی 2022-2023 بووەتە پاڵەوان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە