رووداو دیجیتاڵ
خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت " ئامانجی ئێمە گەیشتن بوو بە یاریی کۆتایی جامی کەنداو، ئێستا بیر لە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەینەوە بۆ ئەوەی هاندەرانمان دڵخۆشبکەین."
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی کۆتایی جامی کەنداو، کە رۆژی پێنجشەممە بەرامبەر عومان یارییدەکەن گوتی " رێگەی گەیشتنمان بە یاریی کۆتایی جامی کەنداو ئاسان نەبوو، ئێستا بیر لە بردنەوەی چوارەم نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەینەوە، بۆ ئەوەی هاندەرانمان دڵخۆشبکەین و بۆ ئەوە کاردەکەین."
کاساس بە رۆژنامەڤانی گوت " لە یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر عومان یاریمانکردووە، تیپێکی باشە و ئەوانیش کاردەکەن بۆ بردنەوەی نازناوەکە."
خیسۆس زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت " یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر عومان یارییەکی داخراو بوو و کەم هەلی تێدابوو، دوای یارییەکە خوێندنەوەمان بۆیکرد و هەوڵدەدەین رێگەی دیکە بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بگەینە گۆڵ و گۆڵ تۆماربکەین، لەپێناو ئەوەی کە نازناوەکە ببەینەوە."
راهێنەرە ئیسپانییەکەی هەڵبژاردەی عێراق لە دریژەی قسەکانیدا گوتی " هەر تیپێک بەو شێوازە یارییدەکات کە خزمەتی دەکات، هەڵبژاردەی عومان ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ راهێنەرەکەی کاردەکات و سەقامگیرە، ئەوان هەوڵدەدەن بۆشاییەکانی بەردەم تیپەکەمان دابخەن، بەڵام ئامانجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە لە کاتی ئاساییدا یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆمان یەکلابکەینەوە، بەڵام ئەگەر بکەینە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەش هیوادارم نازناوەکە ببەینەوە."
کاساس رەخنە لە میدیاکان دەگرێت و دەڵێت " خوێندنەوەی هەڵە بۆ هەندێک لە قسەکانم کرا دوای ئەوەی یاریی یەکەممان ئەنجامدا، وەک چۆن نەمانگوتبوو نازناوەکەمان ناوێت، بەڵام گوتمان کە ئێمە یاری بە دوای یاری بیردەکەینەوە و دوای ئەوەی گەیشتینە یاریی کۆتاییش چاومان لە نازناوەکەیە."
لە کۆتایی قسەکانیدا راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق متمانەی بە یاریزانەکانی دووپاتکردەوە و گوتی " متمانەم بە تواناکانی یاریزانەکان هەیە، دڵخۆشم بەو شێوازەی لە هەموو یارییەکدا پێی دەردەکەون، ئێمە هەڵەکان دەستنیشاندەکەین و مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین، هیوادارین لە یاریی کۆتاییدا هەڵەکان کەمبکەینەوە و نازناوەکە ببەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ