رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا هەنگاوێکی دیکەی نا، بەئاراستەی بەدەستهێنانی داهات و زیادکردنی سەرچاوەکانی پارە، پاش ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ سپۆتیفای تاوەکو ساڵی 2030 نوێکردەوە.
بارسێلۆنا و سپۆتیفای گرێبەستێکی نوێیان واژۆکرد کە درێژکردنەوەی گرێبەستی پێشووی نێوان هەردوولایە. بەپێی گرێبەستەکە، لۆگۆی سپۆتیفای وەک سپۆنسەری سەرەکیی تیپەکانی پیاوان و ئافرەتانی یانەکە تاوەکو ساڵی 2030 لەسەر درێسەکانی یاری و راهێنانەکان دەمێنێتەوە، هەروەها مافی ناولێنانی یاریگای کامپ نو - کە ئێستا بە سپۆتیفای کامپ نو ناسراوە - تاوەکو ساڵی 2034 درێژکرایەوە.
گرێبەستە نوێیەکە داهاتێکی باش بۆ بارسێلۆنا مسۆگەر دەکات. لە ماوەی 2026 بۆ 2030، یانەی بارسێلۆنا کۆی 380 ملیۆن یۆرۆ بۆ گەنجینەی یانەکە زیاد دەکات، کە بە درێژکردنەوەی گرێبەستەکە تاوەکو 2034 کۆی گشتی پارەکە دەگاتە 460 ملیۆن یۆرۆ کە ئەوەش بە بڕە پارەیەکی زۆر دادەنرێت بۆ یانەکە لە کاتێکدا بەقەیرانێکی گەورەی داراییدا تێدەپەڕێت.
وردەکاریی گرێبەستەکە بەو شێوەیەیە کە بارسێلۆنا بۆ سپۆنسەری درێسی یارییەکان ساڵانە 65 ملیۆن یۆرۆ و 10 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ درێسی راهێنانەکان، کە کۆی گشتی دەکاتە 75 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەر وەرزێک وەردەگرێت.
لە ماوەی چوار ساڵدا (2026-2030)، ئەم بڕە پارەیە دەگاتە 300 ملیۆن یۆرۆ.
مافی ناونانی یاریگای یانەکە بە ناوی سپۆتیفای کامپ نو لە 2026ـەوە، سپۆتیفای ساڵانە 20 ملیۆن یۆرۆ دەدات تاوەکو 2030، ئەمەش 80 ملیۆن یۆرۆی دیکە زیاد دەکات.
بە کۆی گشتی، سپۆنسەری درێس (300 ملیۆن یۆرۆ) و مافی ناونانی یاریگە (80 ملیۆن یۆرۆ) بەیەکەوە 380 ملیۆن یۆرۆ دەخەنە سەر کۆی داهاتی یانەکە تاوەکو 2030. گرێبەستی مافی ناونانی یاریگا چوار ساڵی دیکە درێژدەبێتەوە، واتە تاوەکو 2034، بەپێی گرێبەستەکە 80 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ کۆی گشتیی گرێبەستەکە زیاد دەبێت، بەمەش کۆی بەهاکەی دەگاتە 460 ملیۆن یۆرۆ. ئەمەش مانای وایە لۆگۆی سپۆتیفای دوای 2030 لەسەر درێسەکان نامێنێت، بەڵام ناوی کۆمپانیاکە وەک سپۆنسەری سەرەکی یاریگای کامپ نو تاوەکو 2034 بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ