رووداو دیجیتاڵ
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی حەوتەمی خولی نایابی کوردستان، ئەمڕۆ چوار یاری بەڕێوەدەچن و گرنگترینیشیان دێربیی قەزای پیرمامە.
یاریگەی پێشمەرگەی هەولێر رووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانەی پێشمەرگە و ئارارات بەخۆیەوە دەبینێت، ئەم یارییە لە کاژێر 14:30 دەکرێت، پێشمەرگەی هەولێر بە ئامانجی گەیشتن بە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی و بەرزکردنەوەی ژمارەی خاڵەکانی بۆ 14 خاڵ ئەم یارییە دەکات، ئاراراتیش دەیەوێ لە گێژاوی ناهاوسەنگی ئەنجام و ئاستیان لەم وەرزەدا خاڵەکانی یارییەکە ببەنەوە، ئارارات لە پلەی 10ـمە بە 7 خاڵ و ل ەئەگەری بردنەوەی یارییەکە، 4 پلە سەردەکەوێ.
لە یارییەکی دیکەی ئەمڕۆدا یانەی سیروانی نوێی خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەندی، لە شاری سلێمانی لەسەر یاریگەی یانەی ئآشتی میوانداریی یانەی چەمچەماڵ دەکات، ئەم یارییە بۆ کوڕانی رزگار عەلی ئاسان نابێت، هەرچەندە ئەوان پلەی دووەمی ریزبەندییەکەیان گرتووە و خاوەنی 15 خاڵن، بەڵام چەمچەماڵیش نێچیرێکی ئەوەندە ئاسان نابێت بۆیان و 6 یارییان کردووە و خاوەنی 9 خاڵن.
یانەی هەندرێنی پێشەنگی ریزبەندیش لە ئەرکێكی ئاساندا دەچێتە ئاکرێ و میوانی یانەی هەڵۆ دەبێت، هەڵۆ لەم یارییەدا کە بە یاریگەی خۆی هەژماردەکرێت بەهۆی ئەوەی کە یاریگەکەی خۆیان لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە، دۆخی هەڵۆکەی بلێ لەوپەڕی خراپیدایە، لەگەڵ ئەوەی سەرجەم یارییەکانیان دۆڕاندووە، 14 گۆڵیشیان لێکراوە و لە شەش یاریدا تەنیا گۆڵێکی تۆمارکردووە، (بەئەگەرێکی زۆرەوە کشانەوە لە خولی نایابی کوردستان رادەگەیێنن)، هەندرێنیش دەیەوێ بۆ جاری دووەم نازناوی خولی کوردستان بباتەوە و چاوی لە کەوتنی سیروانی نوێیە بۆ ئەوەی جیاوازییەکەی لەگەڵدا زیاتر بکات.
دوا یاریی ئەمڕۆش لە شاری هەولێر دەبێت، یانەی برایەتی لەسەر یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی دهۆک دەکات، برایەتی باش نییە، شەش یاری و شەش خاڵ، دهۆکیش دوو هێندەی برایەتی خاڵی هەیە و لە 6 یاریدا 12 خاڵی کۆکردووەتەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت یارییەکی بەهێز و رکابەری بێت.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ