لە ساڵیادی مۆندیالدا یاریی کۆتایی جامی عەرەب دەکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جامی عەرەب
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئوردن لەبەردەم هەلێکی گەورە و مێژووییدایە بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی جامی عەرەب بباتەوە و ساڵەکەی بە دەستکەوتێکی مێژوویی دیکە تەواو بکات.
 
یاریی کۆتایی جامی عەرەب لەنێوان ئوردن و مەغریب کاژێر 19:00 بەڕێوەدەچێت و یارییەکە لە یاریگەی لوسەیل دەکرێت، هەردوو تیپ رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوێکی گەورە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی دەکەن.
 
ئوردن لە هەموو یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، جگە لە یەزن نەعیمات، سەرجەم یاریزانەکانی دیکەی ئامادەن بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە بکەن و بە جامی پاڵەوانێتییەکەوە بگەڕێنەوە بۆ عەممان.
 
هەڵبژاردەی ئوردن لە 2025 دەستکەوتی گرنگی بەدەستهێناوە، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا خۆی گەیاندە مۆندیال و دەیەوێت بۆ یەکەمجاریش نازناوی پاڵەوانێتیی جامی عەرەب بباتەوە.
 
هەڵبژاردەی مەغریب، دوای ئەوەی لە ئیماراتی بردەوە گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و تیپەکە ئامادەیە بۆ رکابەرییەکی دیکەی بەهێز و یەکلاکردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە.
 
مەغریب بە تیپێکی ئاسایی و بەبێ یاریزانانی تیپی یەکەمی هەڵبژاردەکەی بەشداریی لە رکابەرییەکانی جامی عەرەبدا کردووە، بەڵام بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و ئێستا لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەیە و دەیەوێت جامی عەرەب بۆ دووەمجار لە مێژوویدا بباتەوە.
 
هەڵبژاردەی مەغریب پێشتر لە ساڵی 2012 نازناوی جامی عەرەبی بەدەستهێناوە و چاوی لە دووەم نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە.
 
ئەوەی لە یارییەکەدا سەرنجڕاکێشە، راهێنەری هەردوولا مەغریبین، جەمال سەلامی، راهێنەری ئوردنە و مەغریبییە، پێویستە رکابەریی تیپی وڵاتەکەی بکات بۆ ئەوەی نازناوەکە بۆ وڵاتێکی دیکە بباتەوە.
 
پێشتر هەردوو هەڵبژاردە یارییەکیان لە 2021 لە جامی عەرەبدا ئەنجامداوە، مەغریب بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردبووەوە.
 
ئەم یارییە لەکاتێکدا لە 1-12 لە یاریگەی لوسەیل دەکرێت، ساڵیادی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022ـە کە لە هەمان یاریگە بەڕێوەچوو ئەرجەنتین بووە پاڵەوان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە