رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، هۆکاری رۆیشتنی خڤیشا کڤاراتسخێلیای لە یانەکەیانەوە بۆ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی ئاشکراکرد.
پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دوێنێ شەممە، گرێبەستکردنی لەگەڵ کڤاراتسخێلیا راگەیاند، بێئەوەی تێچووی گواستنەوەکەی ئاشکرا بکات، لە کاتێکدا سەرچاوە فەرەنسییەکان دەڵێن یانە پاریسییەکە 75 ملیۆن یۆرۆی داوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە.
جیۆڤانی مانا، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، هۆکارەکانی رۆیشتنی ئەو یاریزانەی بۆ یانە فەرەنسییەکە، لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا، ئاشکراکردووە.
کڤارا بەیەکێک لە یاریزانە بەهرەمەندەکانی جیهان دادەنرێت و پێشبینینەدەکرا بەئاسانی لە ناپۆلییەوە رووبکاتە سانجێرمان.
یانەی ناپۆلی، رۆژێک دوای رۆیشتنی کڤارا لە سێری ئا، بە 3 - 2 گۆڵ لە ئاتاڵانتای بردەوە.
بەرپرسەکەی ناپۆلی ئاشکرایکردووە، "یاریزانانی تیپەکە کاردانەوەی باشیان لەسەر رۆیشتنی کڤارا هەبوو، لەبەرئەوەی بیریان لای یارییەکە بوو و راهێنەریش ئەوانی یەکخست، ئامادەبوون بۆ بەدەستهێنانی ئەو جۆرە ئەنجامە".
مانا هەروەها دەڵێ، "دەزانین کە یاریزانێکی گرنگ لە تیپەکەمان رۆیشت، ئێمەش دەزانین چۆن دەبێ قەرەبووی بکەینەوە، ئێستا نامانەوێت هیچ ناوێک ئاشکرا بکەین، چونکە ئەوە دواتر کاری لەسەر دەکرێت".
هەروەها دەڵێ، "کڤارا بەڕاشکاوانە داوای رۆیشتنی کرد، لە کاتێکدا ئێمە کارماندەکرد بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، دەبوو رێگەی راست هەڵبژێرین، ئەوهات و گوتی دەڕۆم".
هەروەها دەڵێ، "روونە کە بیرکردنەوەی ئەو لە مووچە هاوتای بیرکردنەوەی ئێمە نەبوو، لەبەرئەوە دەبوو بیفرۆشین، ئێمە یاریزانی گرنگمان هەبوون، وەک ئەو هاتن و رۆیشتن، بەڵام ئێمە هەر لە شوێنی خۆمانین".
کڤارا لەگەڵ ناپۆلی مووچەی 1.8 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەی وەردەگرت، لە کاتێکدا بڕیارە لە سانجێرمان ساڵانە نۆ ملیۆن یۆرۆ و پاداشتیش وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ