رووداو دیجیتال
سەرۆک و راهێنەری یانەی چەمچەماڵ رەتیانکردەوە هیچ گرێبەستێکیان لەگەڵ یاریزانی پیشەگەری میسری محەممەد عەبدولجەواد واژۆکردبێت و قسەکانی بە درۆ دەخەنەوە.
دوای ئەوەی لە بوڵتنی هەواڵە وەرزشییەکانی رۆژی هەینیی تۆڕی میدیایی رووداودا، محەممەد عەبدولجەواد یاریزانی میسری کە بە گوتەی خۆی گرێبەستی لەگەڵ یانەی چەمچەماڵدا واژۆکردووە و دواتر پشتگوێیان خستووە گوتی: یانەی چەمچەماڵ گرێبەستی لەگەڵ کردم، کەچی یارییان پێنەکردم و گوتیان بگەڕێوە وڵاتەکەت، تەنیا 400 دۆلاریان پێداوم، یەک دینارم پێنەماوە، لەسەر زەوی دەخەوم. پارەم نییە ئەمڕۆ نان بخۆم. بەهۆی ئەو مامەڵە خراپەی یانەی چەمچەماڵ لەگەڵی کردم، ئامادەنیم بچمە ریزەکانی هیچ یانەیەکی دیکەی کوردستان.
محەممەد عەبدولجەواد، یاریزانی میسری بۆ رووداو: یانەی چەمچەماڵ گرێبەستی لەگەڵ کردم، کەچی یارییان پێنەکردم و گوتیان...
Posted by Rudaw Sports on Friday, March 19, 2021
رێبوار خدر، سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئێمە هیچ گرێبەستێکمان لەگەڵ ئەو یاریزانە نییە و قسەکانی دوورن لە راستییەوە، ئەو یاریزانە درۆی لەگەڵ ئێمەکرد، چەند ڤیدیۆیەکی وەک سیڤی بۆ ئێمە ناردبوو، کەچی لە راستیدا ئی خۆی نەبوو، کاتێک ویستمان تاقیبکەینەوە گوتی پێکانم هەیە، ئینجا لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی یەک مانگ و نیو ئێمە لە چەمچەماڵ لەسەر حسابی یانەکەمان بەخێومان کرد و قەرزمان بۆیکرد، پێمان راگەیاند کە ئێمە لە ئاستت رازینین، ئەو گوتی کێشە نییە من لێرە دەبم و دواتر دەچمە بەغدا کەسوکارەکەم هاتوون، ئێستا قسەیەکی دیکە دەکات.

هەرێم کەلاری، راهێنەری یانەی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ئەو قسانەی یاریزانەکە دوورن لە راستییەوە، کاتێک قسە لەگەڵ ئەو یاریزانەدا کراوە و پێی گوتراوە کە هیچ گرێبەستێکت لەگەڵ ناکرێت تاوەکو راهێنەر بریاردەدات، ئەو گوتوویەتی کێشەم نییە دێمە چەمچەماڵ تەنیا پارەی خواردنم بدەنێ تا ئەو کاتەی بەدڵتان دەبم، بەڵام لە راستیدا لە دووەم رۆژی مەشقەکاندا ئەو گوتی پێکانم هەیە، ئێمەش لە کەمپێکی سێ رۆژەدا بووین، یەک مەشقی کرد لە راستیدا نەک یاریزانێکی باش نەبوو بەڵکو زۆر خراپ بوو، ئەو ڤیدیۆیانەی کە بۆ ئێمەی ناردبوو زۆر دوور و کورت بوون، نازانین ئی خۆی بوو یان نا چونکە هیچ روون نەبوو، دواتر سڕییەوە.
هەرێم دەڵێت: هیچ گرێبەستێک لەگەڵ ئەو یاریزانە نەکراوە، ئەگەر راست دەکات با کۆپییەک لە گرێبەستەکەی بهێنێت.
محەممەد عەبدولجەواد پێشتر بە قسەی خۆی لە خولی میسری یاریکردووە و لە خولی عێراقیش سەرەتای ئەم وەرزە بڕیاربوو لە ریزی یانەی نەجەف یاری بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە پەیوەندی بە یانەی چەمچەماڵەوە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ