درۆگبا: کوا چێڵسییەکەی من؟

19-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی چێڵسی چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دیدێ درۆگبا، ئەستێرەی پێشووی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، هێرشی کردە سەر کارگێڕیی یانەکەی، دوای چوونە دەرەوەی یانەکە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لەسەردەستی ریال مەدریدی ئیسپانی.
 
درۆگبا لە کاتی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ کە بەسەرکەوتنی ریال مەدرید بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی هات، لە کەناڵێکی ئینگلیز شرۆڤەی یارییەکەی دەکرد، ئەو گوتی "چێڵسیم نەناسییەوە کاتێک لە یاریگەدا بینیم، ئەمە ئەو چێڵسییە نییە کە من دەیناسم، ئەمە چێڵسییەکەی من نەبوو".
 
ئەو ئەستێرە کۆتدیڤوارییە کە ساڵی 2012 نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ چێڵسیدا بەدەستهێنا، دەڵێ، "راستە ئێستا یانەکە خاوەنی نوێی هەیە و سیاسەتێکی نوێ و جیاوازی هەیە، بەڵام بەراوردی دەکەین بەوە کە لەسەردەمی رۆمان ئابرامۆڤیچی، خاوەنی پێشووی یانەکە کە یانەکەی بەزیرەکی و لێهاتووییەوە بەڕێوەدەبرد".
 
کاپتنەکەی کۆتدیڤوار دەڵێ، "ئابرامۆڤیچ گرێبەستی لەگەڵ یاریزانانی وەک چیک، چیڤچینکۆ، کریسپۆ، ئیسیان، درۆگبا و مالودادا کرد و بەهۆی ئەزموون و لێهاتوویی ئەو یاریزانانەوە، یانەکە چەندین نازناوی بردەوە".
 
درۆگبا هەروەها دەڵێ، "ستراتیژی ئێستای تیپەکە جیاوازە. تیپەکە گرەو لەسەر یاریزانانی لاو دەکات، بەڵام ئەمە کارێکی قورسە بۆ راهێنەرێک کە دەبێ مامەڵە لەگەڵ سی گەنجدا بکات لە ژووری جلگۆڕیندا".
 
درۆگبا هەروەها دەڵێ، چێڵسی سەرکردەیەکی کاریزمایی لە یاریگەدا نییە، هەروەها لەو ئەستێرانە بێبەشە کە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرن و یاریزانێکی نییە جۆشوخرۆش بە هاندەرەکانی بدات تاوەکو بەرەو بردنەوە هانی بدەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە