رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی باسی لە پەیوەندی قووڵی نێوان خۆی و یاریزانانی کیشوەری ئەفریقا کردووە، دەڵێ پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ و سەرنجڕاکێشمان هەیە، بەڵام راشکاوانە بڵێم، ناتوانم بچمە ئەفریقا.
مۆرینیۆ باسی ئەو یاریزانانەی کیشوەرەکەی کردووە کە بەدرێژایی کاروانی راهێنەرایەتی خۆی لە یانەکە جیاوازەکان سەرپەرشتی کردوون.
سپێشەڵ وەن، بەشداریی لە پۆدکاستێکدا کردووە، دەڵێ، "زۆرجار یاریزانە ئەفریقییەکان بە باوکە بانگم دەکەن، ئەگەرچی بەشی زۆریان تەمەنیان نزیکە لە تەمەنی خۆمەوە".
ئەو بەپێکەنینەوە دەڵێ، "کاتێک مایکڵ ئیسیان بە باوکە بانگی دەکردم، بەتووڕەییەوە دەمگوت، بەسە".
مۆرینیۆ دەڵێ، ناتوانم بچم بۆ ئەفریقا، ئەوەش بەهۆی شێتێتی و خۆشەویستیی هاندەرانی کیشوەرەکەوە، دەڵێ، "ئەوە لە هەموو جێگایەک روودەدات، لەبەرئەوەی من راهێنەری زۆر یاریزانی ئەو وڵاتە جیاوازانە بووم".
جۆزێ دەڵێ، لە کاروانی خۆمدا راهێنەرایەتی، 'دیدێ درۆگبا و کالۆم کردووە لە کۆتدیڤوار، هەروەها ساموێل ئیتۆ لە کامیرۆن، ئۆبی میکێل لە نایجیریا، هەروەها ئیسیان و مۆنتاری لە گانا'.
زیاتر گوتویەتی، "پیاوانی خۆمم لە هەموو شوێنێکی جیهان هەیە، لەبەرئەوە هەرچەندە دەچمە ئەفریقا، بەهۆی تووندی و سەرشێتیی و خۆشەویستییان ناتوانم بەڕێدا بڕۆم، تەنانەت ئەوانەشیان کە لە ئەورووپان هەمان خۆشەویستیم بۆ دەردەبڕن".
مۆرینیۆ لەبارەی یاریزانە ئەفریقییەکانەوە دەڵێ، " راشکاوانە بڵێم، یاریزانە ئەفریقییەکان، پابەندیی تووندیان هەیە و زۆر دڵپاکن".
قسەکانی مۆرینیۆ هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە مەغریب کە بۆ بینینی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە، ژمارەیەکی بەرچاوی ئەستێرەکانی ئەورووپا روویان لەوێ کردووە.
پێشتر چەندین یاریزانی ئەفریقیی کە لە ژێر دەستی مۆرینیۆدا کاریان کردووە، پابەندی و خۆشەویستیی گەورە و پێزانینیان بۆ ئەو وەک راهێنەرێکی بلیمەت دەربڕیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ