رووداو دیجیتاڵ
ئارسیناڵ بەردەوامە لە ئەنجامە باشەکانی و پێشەنگی پرێمەرلیگی گرتووە، بەڵام لە دوایین سەرکەوتنی تیپەکە بەرامبەر برایتۆن، هاندەران تێبینی شتێکی نامۆیان کردووە لە پەیوەندی نێوان بوکایۆ ساکا و ڤیکتۆر یوکێرێش.
ئارسیناڵ توانی بە ئەنجامی 2-1 لە برایتۆن بباتەوە و بە 42 خاڵ لە 18 یارییدا لە پێشەنگی پرێمەرلیگ بمێنێتەوە. سەرەڕای ئەم سەرکەوتنە، بەشێکی زۆر لە هاندەرانی یانە لەندەنییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن بۆکایۆ ساکا بەئەنقەست پاس بە ڤیکتۆر یوکێرێشی هێرشبەر نادات.
یوکێرێش لە هاوینی رابردوو بەبڕی 63.5 ملیۆن پاوەند لە یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنەوە پەیوەندی بە ئارسیناڵەوە کرد بۆ ئەوەی ببێتە چارەسەری کێشەی هێرشبەریی میکێل ئارتێیا، بەڵام بەپێی میدیاکانی ئینگلتەرا، هاندەران پێیانوایە ساکا نایەوێت هاوکاری ئەم هێرشبەرە سوێدییە بکات.
یەکێک لە هاندەران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "ساکا بەڕاستی وا دیارە رەتیدەکاتەوە پاس بۆ یوکێرێش بنێرێت". هاندەرێکی دیکە دەڵێت "پێموایە ساکا رای لە یوکێرێش نییە، چونکە لە دوایین هێرشدا یوکێرێش بەتەنیا بوو، بەڵام ساکا تۆپەکەی بۆ ناوچەیەک نارد کە کەسی لێ نەبوو".
یوکێرێش لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا تەنیا 5 گۆڵی لە 16 یارییدا تۆمارکردووە. لە یارییەکەی بەرامبەر برایتۆن، ئەو هێرشبەرە ئاستی وەک پێویست نەبوو و هەلێکی ئاسانی گۆڵکردنی لەدەستدا. ئامارەکان دەریدەخەن تەنیا 17 جار قاچی لە تۆپ داوە و 6 پاسی دروستی هەبووە پێش ئەوەی لە خولەکی 71 لەگەڵ گابریێل خیسۆس گۆڕانکاریی پێبکرێت.
ئارسیناڵ رۆژی سێشەممە 30ـی مانگی 12ـی 2025 لە یارییەکی بەهێزدا رووبەڕووی یانەی ئاستۆن ڤێلا دەبێتەوە کە ئۆنای ئێمری سەرپەرشتی دەکات و یەکێکە لەو دوو تیپەی لەم وەرزەدا توانیویانە لە ئارسیناڵ ببەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ