رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئەفریقا دەستپێدەکەن و چەند هەڵبژاردەیەک دەگەنە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا، کاژێر 19:00 هەڵبژاردەی میسر بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەنگۆلا یاریی دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەیەکی دیکە بە ژمارەی تەواوە بگاتە قۆناخی داهاتوو.
میسر بە سەرکردایەتیی محەممەد سەڵاح لە هەردوو هەڵبژاردەی زیمبابۆی و ئەفریقای باشووری بردووەتەوە و وەکو یەکەم هەڵبژاردە سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە مسۆگەرکردووە.
محەممەد سەڵاح دوای ئەوەی لە لیڤەرپوول بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕی لەگەڵ میسر بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و لە دوو یارییدا دوو گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمڕۆش دەیەوێت سەرکردایەتی بردنەوەیەکی دیکەی تیپەکە بکات.
ئەنگۆلا یەکسانبوونێک و دۆڕانێکی هەیە و خاوەنی یەک خاڵە، پێویستی بەبردنەوەی یارییەکەیە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە هەلی سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو بکات.
هەڵبژاردەی مەغریب دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و قەرەبووی یەکسانبوونیان لە یاریی رابردوودا بەرامبەر مالی بکەنەوە.
کاژێر 22:00 مەغریب لە سێیەم یارییدا لە قۆناخی کۆمەڵەکان و لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا، بەرامبەر هەڵبژاردەی زامبیا یاریی دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات بۆ ئەوەی بە یەکەمی کۆمەڵەکەی خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
مەغریب بەبردنەوەیەک و یەکسانبوونێک لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە خاوەنی 4 خاڵە، لە یاریگەی مولای عەبدوڵڵا سێیەم یاریی دەکات چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە.
دوای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا بەشداریی نەکرد، چاوەڕواندەکرێت بۆ ئەم یارییە ئەشرەف حەکیمی بەتەواوی بۆ یارییکردن ئامادەبێت و بەشداری لە یارییەکەدا بکات و ببێتە یەکەم دەرکەوتنی دوای گەڕانەوەی لە پێکان.
مالی و زامبیا هەریەکەیان دوو خاڵیان هەیە و رکابەری دەکەن بۆ ئەوەی بگەنە قۆناخی داهاتووی جامی ئەفریقا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ