رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، بەر لە یارییە چارەنووسسازەکەی ئەمڕۆی تیپەکەی بەرامبەر ئارسیناڵ لە پرێمەرلیگ شێوازی یارییکردن و هەوڵدانی تیپەکەی، بۆ بردنەوەی یارییەکە ئاشکراکردووە.
پێپ لەگەڵ تیپەکەی و بەپاڵپشتیی هاندەرانی یانەکە، لە ئیتیحاد میوانداریی ئارسیناڵ دەکات لە گرنگترین یاریی ئەمساڵی پرێمەرلیگدا.
بەر لە یارییەکە، ئارسیناڵ بە 70 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی گرتووە دوای ئەنجامدانی 32 یاری، لە کاتێکدا مانچێستەر سیتی کە یارییەک کەمتری کردووە، 64 خاڵی هەیە و ئەگەر یارییەکەی ئەمڕۆ و یارییە دواخراوەکەی بباتەوە، ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ ئارسیناڵ هاوتا دەکاتەوە.
پێپ گواردیۆلا ئاشکرایکردووە، لە یارییەکەدا تیپەکەی پێویستی بەگوشارە بۆ ئەوەی باش دەربکەوێت، ئەو دەڵێ، "بێگومان پێویستمان بەگوشارە. دۆخەکە لە یاریی کۆتایی کاراباو کەپ لە دژی ئارسیناڵ، یان یاریی هەفتەی رابردوو بەرامبەر ساوسامتۆن لە فا کەپ بەو شێوەیە بوو. ئەگەر نەمانبردایەتەوە، دەردەکراین، بۆیە دەبێ هەست بەگوشار بکەین".
فەیلەسوف رێگەی بردنەوەی یارییەکەی لەلایەن تیپەکەیەوە دەستنیشانکردووە و دەڵێ، "لە بەرامبەر ئارسیناڵ دەبێ هەندێک شت بکەین. ئێمە بۆیە رۆژانە لەسەر ئەم یاریگایە مەشقدەکەین بۆ ئەوەی یاریزانان بزانن و رابێن لەسەر شێوازی هێرشبەریمان لە چارەکی کۆتایی یاریگەدا کاتێک ئارسیناڵ بەپارچەیەکی بەرگریی نزم، بەرگری دەکات".
راهێنەری دووەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ، پێشبینی ئەوەی کردووە کە ئارسیناڵ بەهێرشی هەڵگەڕاوە و خێرا هەوڵی سەرکەوتن بەسەر تیپەکەیدا بدات، هەربۆیە ئەو دەڵێ، "ئەوان لە دژی هێرشبەران بەقووڵییەکی تووند، بەرگری دەکەن، ئەوەی کە دەبێ خۆمانی لێ بپارێزین ئەوەیە کە خۆمان لە هێرشە هەڵگەڕاوەکانی ئارسیناڵ بپارێزین، هەروەها بزانین لە هەموو لایەنەکانەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ یارییەکەدا بکەین".
یارییەکەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو یانە، نەک هەر بە چارەنووسساز بۆ هەردوو یانە ناودەبرێت، بەڵکو بەیەکلاکەرەوەی نازناوی ئەمساڵی پرێمەرلیگ ناودەبرێت.
ئەگەر ئارسیناڵ یارییەکە بباتەوە، تاوەکو رادەیەکی زۆر پاش 22 ساڵ لە چاوەڕوانی، نازناوی خولەکە بەدەستدەهێنێتەوە. ئەگەر سیتی یارییەکە بباتەوە، لە بەدەستهێنانی نازناوەکە زۆر نزیکدەبێتەوە و ئارسیناڵیش بێئومێد دەکات لە بەدەستهێنانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ