رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا دەستەوارەیەکی یانەکەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتدەکاتەوە و هۆکارەکەیشی مووچەکەیەتی.
یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی بارسێلۆنا یەکەم دەستەوارەی پێشکەشکراو لەلایەن کارگێڕیی یانەکەوە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتکردەوە.
گرێبەستی ئەندریاس کریستنسنی بەرگریکاری دانیمارکی لەگەڵ بارسێلۆنا لە 30ـی حوزەیرانی داهاتوو کۆتایی دێت، بۆیە لە ئێستاوە دەتوانێت بەخۆڕایی گرێبەست لەگەڵ هەر یانەیەک واژۆ بکات.
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییە تەمەن 30 ساڵە هێشتا نازانێت وێستگەی داهاتووی کوێ دەبێت، چونکە لە قۆناخی کۆتایی چاکبوونەوەدایە لە پێکانێکی سەخت کە بریتی بوو لە پچڕانی نیمچەیی بەستەری خاچی لە ئەژنۆی چەپیدا، کە لە پێش پشووەکانی سەری ساڵەوە لە یاریگەکان دووری خستووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی لە مانگی یەکی رابردووەوە دەتوانێت دانوستاندن لەگەڵ هەر یانەیەک بکات، بەڵام کریستنسن بەرپرسانی بارسای ئاگادار کردووەتەوە لە ئارەزووی بۆ مانەوە، یانەکەش وەک رێزێک بۆ هەڵوێستەکانی، ئارەزووی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نیشان داوە.
بەڵام دەستەوارەکەی بارسێلۆنا مووچەیەکی زۆر کەمتری بۆ داناوە لەوەی ئێستا وەری دەگرێت، بەتایبەتی کە مووچەی ئێستای بەرزبوو، چونکە پاداشتی گواستنەوەی لەخۆگرتبوو کاتێک لە حوزەیرانی 2022 بەخۆڕایی لە چێڵسییەوە هاتبوو بۆ یانەکە.
بارسا دەستەوارەیەکی پێشکەشی بەرگریکارە دانیمارکییەکە کردووە، کە بریتییە لە نوێکردنەوە بۆ تەنیا یەک وەرز لەگەڵ بژاردەی درێژکردنەوە بۆ وەرزێکی دیکە بەپێی هەندێک مەرجی دیاریکراو، ئەمەش بەهۆی مێژووی پێکانەکانی ئەم دواییەی یاریزانەکە؛ کریستنسن دوای چەندین مانگ لە دانوستانسب، ئەو دەستەوارەیەی رەتکردەوە.
ئەو بەرگریکارە دانیمارکییە جێگەی بایەخی یانە گەورەکانی خولی ئینگلیزی، ئەڵمانی و ئیتاڵییە، جگە لەوەی دوو دەستەوارەی لە لالیگاوە بۆ هاتووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێشتا هیوای هەیە بگاتە رێککەوتن بۆ مانەوە لەگەڵ بلاوگرانا.
کریستنسن داوای لە بەڕێوەبەری کارەکانی کردووە بەردەوام بێت لە دانوستاندن لەگەڵ بارسا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گونجاو، ئەمەش لە سایەی سەرسامیی هانزی فلیکی راهێنەر بە کوالێتی یاریزانەکە و ئەزموون و توانای یاریکردنی لە چەندین شوێنی جیاوازدا.
کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی کە دەبێت یاریزانەکە مەرجە داراییەکان بە مووچەیەکی زۆر کەمتر لەوەی پێشووی قبوڵ بکات بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر مانەوەی بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ