نەیمار بۆ مۆندیال بانگهێشتکرا و چاوەڕوانیی ملیۆنان هاندەر کۆتاییهات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نەیمار داسیلڤا هەڵبژاردەی بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چاوەڕوانیی ملیۆنان هاندەری هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ بانگهێشتکردنی نەیمار داسیلڤا بۆ مۆندیالی 2026 کۆتاییهات و ئەو یاریزانە بانگهێشتکرا.
 
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا کە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلەوە رێکخرابوو، کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل لیستی کۆتایی تیپەکەی بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026 راگەیاند.
 
لە لیستەکەدا ناوی نەیمار داسیلڤای تێدایە و ئەنچێلۆتی کۆتایی بە چاوەڕێکردنی ملیۆنان هاندەر هێنا، کە ماوەیەکی زۆرە بانگهێشتکردن و نەکردنی ئەو یاریزانە بووەتە رۆژەڤێکی گەرم.
 
ئەنچێلۆتی لەبارەی بانگهێشتکردنی نەیمارەوە گوتی "ئەمساڵمان هەمووی بە شیکردنەوە بۆ دۆخی نەیمار تێپەڕاند، لە ماوەی دواییدا یاریزانەکە باشترە و لەرووی جەستەییەوە ئامادەترە، هیوادارم لە مۆندیالدا یاریزانێکی یەکلاکەرەوە بێت".
 
دوای بانگهێشتکردنەوەی بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل، نەیمار بۆ جاری چوارەم بەشداری لە مۆندیالدا دەکات.
 
لە دوای مانگی 10ـی ساڵی 2023ـەوە یەکەمجارە نەیمار بانگهێشتی هەڵبژاردەی بەرازیل دەکرێت و هاندەران چاوەڕوانیی زۆریان لەو یاریزانە هەیە. دوای بانگهێشتکردنەوەشی بۆ هەڵبژاردەکە راستەوخۆ ئاڵای بەرازیلی بۆ سەر پرۆفایلەکەی لە ئینستاگرام زیادکرد.
 
نەیمار بە تۆمارکردنی 79 گۆڵ، گۆڵکاری مێژوویی بەرازیلە، دەیەوێت لە مۆندیالدا سەرکردایەتیی سیلیساو بکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکە، لەکاتێکدا لە 2002ـەوە بەرازیل لە بردنەوەی مۆندیال دوورە.
 
لیستی یاریزانانی بەرازیل بۆ مۆندیال
 
گۆڵپارێز؛ ئەلیسۆن بیکەر، ئیدێرسۆن، وێڤێرتۆن.
 
بەرگریکار: ئەلێکس ساندرۆ، برێمەر، دانیلۆ، دۆگلاس سانتۆس، گابریێل ماگالایس، رۆجێر ئیبانێز، لیۆ پێرێرا، مارکینیۆس، وێسلی.
 
ناوەڕاست؛ برونۆ گیمارێش، کاسێمیرۆ، دانیلۆ، فابینیۆ، لوکاس پاکێتا.
 
هێرشبەر؛ ئێندریک، گابریێل مارتینێلی، ئیگۆر تیاگۆ، نەیمار، لویس هێنریکێ، ماتیۆس کۆنیا، رافینیا، رایان، ڤینیسیۆس جونیۆر.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە