فلیک بڕیارە قورسەکەی دا

19-06-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا گڵۆپی سەوزی بۆ خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە هەڵکردووە بۆ دەستبەرداربوون لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرێکی نوێ.
 
یانەی بارسێلۆنا، بەسەرکردایەتیی کارگێڕییە نوێیەکەی و دەستە هونەرییەکەی، هەوڵدەدات پێگەی خۆی لەنێو گەورەکانی ئەورووپادا بەدەستبهێنێتەوە و کۆتایی بەو ساڵانەی دابڕان لە بردنەوەی نازناوە کیشوەرییەکان بهێنێت. 
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی بڵاویکردوونەتەوە، یانەی بارسێلۆنای بەکردەیی بیری لە داهاتووی هێڵی هێرشبردنی لەدوای رۆیشتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی گرێبەستی یاریزانە پۆڵەندییەکە تاوەکو ساڵی 2026 بەردەوامە، بەڵام یانەکە لە گرنگیی ئامادەکاریکردن بۆ جێگرەوەکەی بەشێوەیەکی پێشوەختە تێدەگات. 
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، پەیامەکە روونە؛ سەردەمی لیڤاندۆڤسکی بەرەو کۆتایی دەچێت و بارسێلۆنا بە رەزامەندیی فلیک جێگرەوەکەی بەکردەیی دەستنیشانکردووە، پلان دادەنێن بۆ ئەوەی جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینیی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە داهاتوویەکی نزیکدا درێسی بلاوگرانا بپۆشێت.
 
لەم چوارچێوەیەدا، هانزی فلیکی راهێنەر گڵۆپی سەوزی بۆ خوان لاپۆرتا هەڵکردووە بۆ دەستنیشانکردنی جولیان ئەلڤارێز وەک جێگرەوەی سەرەکیی ئەو یاریزانە لە هێڵی هێرشبردن، وەک ئامادەکارییەک بۆ هاوینی 2026.
 
ئەلڤارێز هەمیشە یەکێک بووە لە ناوە دڵخوازەکانی کارگێڕیی بارسێلۆنا، چونکە لاپۆرتا وەک ئامانجێکی سەرەکی لەسەر ئاستی مامناوەند دایناوە. یاریزانە ئەرجەنتینییەکە، کە ئێستا لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید یاری دەکات، دوای رۆیشتنی لە مانچێستەر سیتی، لە مەدرید سەرکەوتن و درەوشانەوەی چاوەڕوانکراوی بەدەستنەهێناوە.
 
لەلای خۆیەوە، هانزی فلیک بەباشی لە تواناکانی ئەلڤارێز تێدەگات و فرەتوانایی و جوڵە و توانای گونجانی لەگەڵ هاوکارەکانیدا بە فاکتەری گونجاو دەزانێت بۆ ئەو شێوازی یارییەی دەیەوێت لە بارسێلۆنا پەیڕەوی بکات. هەروەها یاریزانەکە هێشتا گەنجە و توانایەکی بەرز و بوارێکی فراوانی بۆ پێشکەوتن هەیە.
 
لاپۆرتا و دیکۆ لە چەندین کۆبوونەوەی ناوخۆییدا ئەم بابەتەیان تاوتوێ کردووە، سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی فەرمی دەستیپێنەکردووە، بەڵام تیمی وەرزشیی دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە بۆچوونی نزیکەکانی یاریزانەکە کردووە، بە ئامانجی دیاریکردنی هەنگاوی خێرا لە ئەگەری بڕیاری جێهێشتنی مێترۆپۆلیتانۆ.
 
پێشبینی دەکرێت وەرزی 2025-2026 دوایین وەرزی لیڤاندۆڤسکی بێت لەگەڵ بارسێلۆنا، چونکە هانزی فلیک بە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسای گوتووە "گرێبەستی لیڤاندۆڤسکی نوێ نەکاتەوە و هەموو شتێک بکات لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵ ئەلڤارێز".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە