ڤیدیۆ راپۆرت: رۆژی یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی راهێنەری عێراق

19-08-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
سریچکۆ کاتانیچ، راهێنەری عێراق
سریچکۆ کاتانیچ، راهێنەری عێراق
نیشانەکردن سریچکۆ کاتانیچ، راهێنەری عێراق
A+ A-

رووداو - هەولێر

چارەنووسی سریچکۆ کاتانیچ، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ هەڵبژاردەکە دیارنییە، دوای ئەوەی نازناوی جامی رۆژئاوای ئاسیای لەنێو خاک و هاندەرانی عێراقدا لەدەستدا.

ئەمشەو کاژێر 20:30 لە بەغدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی راهێنەرە سلۆڤینییەکە بۆ مانەوە یان دوورخستنەوە لە پۆستەکەی کۆدەبێتەوە.

عەبدولخالق مەسعود، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بە رووداوی گوت، کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر چارەنووسی راهێنەرەکە و هەڵبژاردەی عێراق، پێش دەستپێکردنی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە جامی جیهانی 2022 و جامی ئاسیای 2023.

مەسعود ئەوەشی دووپاتکردەوە راهێنەرەکە بۆ ماوەی 3 ساڵ گرێبەستی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق هەیە و هێشتا هیچ بڕیارێک لەبارەی داهاتووی کاتانیچەوە نەدراوە.

دوورخستنەوەی سریچکۆ کاتانیچ، لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق، لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا میدیای عێراقیی بەتەواوی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، هەریەکە و بەشێوەیەک باسی ئایندەی ئەو راهێنەرە دەکەن، لەکاتێکدا پاڵەوانێتی جامی رۆژئاوای ئاسیا گرنگییەکی وەهای نییە و عێراق بەبێ یاریزانە پیشەگەرەکانی یارییکردووە.

لە ئەگەری دوورخستنەوەی کاتانیچ لە راهێنەرایەتی پاڵەوانی ئاسیای 2007، هەریەکە لە عەدنان حەمەد، عەبدولغەنی شەهد و باسم قاسم پاڵێوراون بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە وەربگرن.

بەهۆی ئەوەی کاتێکی زۆر نەماوە بۆ ئەوەی پاڵاوتنەکان دەستپێبکەن، ئەگەری زۆر هەیە کاتانیچ لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەردەوامبێت، بەڵام راهێنەرێکی عێراقی بکرێتە یاریدەدەری، لەکاتێکدا پێشتر سەردار محەممەد، راهێنەری کورد وەک راهێنەری توانای جەستەیی لەگەڵ ئەو راهێنەرە کاریکردووە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوانیان راهێنەرە کوردەکە وازی لە کارەکەی هێنا.

زۆریی پارەی گرێبەستی کاتانیچ لەگەڵ عێراق کە دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار، یەکێک لە ئەگەرە سەرەکییەکانە بۆ ئەگەری دوورخستنەوەی راهێنەرەکە لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئەمشەو ئەنجامدەدرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لالیگا - سیستمی ئۆتۆماتیکی ئۆفساید

لالیگا سیستمی ئۆتۆماتیکیی ئۆفساید کارا دەکات

لالیگا ئامادەکاری بۆ شۆڕشێکی تەکنەلۆژیی گەورە دەکات و بڕیارە سیستمی ئۆتۆماتیکیی ئۆفساید بۆ یەکەمجار بەکاربهێنێت