رووداو دیجیتاڵ
بڕیارێکی لەناکاو لە هانزی فلیکەوە مشتومڕێکی گەورە لەبارەی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ بارسێلۆنا دێنێتەوە ئاراوە!
لەگەڵ گەڕانەوەی لیۆ مێسی بۆ کامپ نو لە کاتێکی درەنگی شەودا بۆ زیندووکردنەوەی یادگارییەکانی رابردوو، قسە و باس دەربارەی ئەگەری گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا وەک یاریزان دەستیپێکردەوە. بەڵام سەرەڕای دەنگۆکان، زۆر لە راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم گەڕانەوەیەی ئێستا دوورە، بەتایبەتی بە بوونی کارگرگێڕیی خوان لاپۆرتا.
ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات هەڵوێستی راهێنەر هانزی فلیکە، کە بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، ئەو زۆر بەتووندی بیرۆکەی گەڕانەوەی مێسی بۆ تیپەکە رەتکردووەتەوە. بەپێی ئەوەی بە دەستەی کارگێڕیی راگەیاندووە، فلیک پێیوایە گەڕانەوەی مێسی لە بەرژەوەندی تیپەکەدا نییە، بگرە هەڕەشەی رۆیشتنیشی کردووە ئەگەر بڕیاری گەڕانەوەی ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییە بۆ پێکهاتەکە بدرێت.
هاندەرانی بارسێلۆنا دابەش بوون
لە لایەکی دیکەوە، هاندەرانی بارسێلۆنا بەڕوونی لەسەر ئەم بابەتە دابەش بوون. لە سەرەتادا بیرۆکەی گەڕانەوەی مێسی پێشوازییەکی گەرمی لێکرا لەلایەن بەشێک لە هاندەرانەوە، کە پێیانوابوو گەڕانەوەکەی دەبێتە زیادەیەکی گەورە بۆ یانەکە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، هەندێک هەستیان کرد کە ئەم بیرۆکەیە لەوانەیە کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر وێنەی تیپەکە و پەیوەندی مێسی لەگەڵ کارگێڕیی ئێستا، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەکە.
گەڕانەوەی مێسی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی لاپۆرتا دەبێت؟
جێی سەرنجە کە هەندێک راپۆرتە هەواڵ ئاماژە بەوە دەدەن کە گەڕانەوەی مێسی بۆ یانەکە لەوانەیە بەشێک بێت لە ململانێیەکی هەڵبژاردنی یەکلاکەرەوە بۆ خوان لاپۆرتا، بەتایبەت کە کەمتر لە ساڵێک ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان. پەیوەندییەکەی لەگەڵ مێسی، کە رۆژگارێک بەهێز بوو، هەڵبەز و دابەزی زۆری بەخۆیەوە بینیوە دوای ئەوەی زۆر لە نزیکانی یاریزانەکە هەستیان کرد کە ناوبراو لە کاتی رۆیشتنی بۆ پاریس سانجێرمان بەکارهێنراوە بۆ ئەوەی لاپۆرتا مانەوەی خۆی لە پۆستەکەیدا مسۆگەر بکات.
هەڵوێستی جۆتا جۆردی مشتومڕ دەنێتەوە
لەم چوارچێوەیەدا، میدیاکاری ئیسپانی جۆتا جۆردی بە لێدوانە ئاگرینەکانی دەرکەوت لە بەرنامەی ئێل چیرینگیتۆ، کە جەختی کردەوە هەر کەسێک پشتگیری گەڕانەوەی مێسی بکات گرنگی بە داهاتووی بارسێلۆنا نادات. ئەم لێدوانانە هەرایەکی گەورەی لە میدیاکاندا نایەوە، چونکە جۆردی داوای کرد مێسی 'لە دەرگای پێشەوە' بگەڕێتەوە نەک لەڕێگەی ئاماژەیەکى رەمزی یان ناڕاست، و ئاماژەی بەوە دا ئەگەر بەڕاستی خۆشەویستی بارسێلۆنایە، دەبێت گەڕانەوەکەی واتایەکی راستەقینەی هەبێت.
دۆخە سەختەکەی مێسی
لە لایەکی دیکەوە، بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی مێسی کە گەیشتووەتە 38 ساڵ، روون دەبێتەوە کە گەڕانەوەی بۆ رکابەرییەکان لە بەرزترین ئاستدا زۆر سەخت دەبێت. سەرەڕای مێژووە پرشنگدارەکەی، یاریزانە ئەرجەنتینییەکه وەک رۆژە زێڕینەکانی لەگەڵ تیپە کەتەلۆنییەکە نەماوە، ئەمەش بڕیاری گەڕانەوەی بۆ کارگێڕیی بارسێلۆناو هانزی فلیک ئاڵۆزتر دەکات.
دەستگرتن بە رابردوو یان روانین بۆ داهاتوو؟
لە کۆتاییدا، پرسیارە گرنگەکە دەمێنێتەوە، کە ئایا دەبێت بارسێلۆنا رێگە بە مێسی بدات بگەڕێتەوە یانەکە لە قۆناخێکی درەنگی ژیانی وەرزشییدا؟ وەڵامەکە ئاسان نییە، بەتایبەت لەبەر رۆشنایی ئاڵنگارییە سیاسی و هونەری و داهاتووییەکان، کە لەوانەیە رووبەڕووی یانەکە ببنەوە لە ماوەی داهاتوودا. هاندەرانی بارسێلۆنا، کە هێشتا دەستیان بە یادەوەرییە شکۆدارەکانی رابردووەوە گرتووە، بەلایانەوە سەختە قبوڵی ئەوە بکەن کە مێسی لەوانەیە لە باشترین دۆخی خۆیدا نەگەڕێتەوە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای تیپەکە و ئامانجەکانی داهاتووی، لەوانەیە گەڕانەوەی لەم ساتەدا زیانی زیاتر بێت وەک لە قازانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ