رووداو دیجیتاڵ
یاسر ئیبراهیم، بەرگریکاری یانەی ئەهلیی میسری، نهێنیی شەڕ و دەمەقاڵێ بەنێوبانگەکەی لەگەڵ لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی. لە یارییەکەیاندا لە مۆندیالی یانەکان ئاشکراکرد.
یانەی ئەهلی لە یاریی کردنەوەی جامی جیهانیی یانەکان 2025 کە لە ئەمریکا بەڕێوەچوو، بەبێ گۆڵ لەگەڵ ئینتەرمەیامی یەکسان بوو، کە لەو یارییەدا دیمەنێکی یاسر کە کەوتە دەمەقاڵێ لەگەڵ مێسی سەرنجی هەموو جیهانی راکێشا.
یاسر ئیبراهیم لەڕێگەی کەناڵی یانەکەیەوە، باسی ئەو رووداوەی کرد و گوتی "هیچ جیاوازییەک نییە لەسەر ئەوەی کە مێسی ئەفسانەیە لە جیهانی تۆپی پێدا، بەڵام ئەمە لە ئامانج و ویستی ئێمە بۆ بردنەوە کەم ناکاتەوە".
هەروەها گوتیشی "بۆ ئێمە وەک تیپێک شتێکی نایابە کە لیۆنێل مێسی گۆڵی لێنەکردین و لەبەرامبەریدا نەدۆڕاین، ئەمە کارێکی زۆر باشە".
ئاماژەی بەوەشکرد کە مەبەستی نەبووە مێسی تووڕي بکات یان بەدوای دیمەنێکدا بگەڕێت کە میدیا و هاندەران باسی بکەن، وەک هەندێک کەس باسی دەکەن.
یاسر زیاتر گوتی "ئەوەی روویدا ئەوەبوو کە مێسی دوای پێکدادانێک لەگەڵ مەروان عەتیەی هاوڕێم کەوتە سەرزەوی، بەڵام یاریزانانی ئینتەرمەیامی رەتیانکردەوە تۆپەکە فڕێ بدەنە دەرەوە بۆ چارەسەرکردنی هاوڕێکەیان و بەردەوام بوون لە هێرشەکەیان و منیش داوام لێکردن تۆپەکە دەربکەن وەک پەیڕەوکردنی گیانی وەرزشی".
ئەو لەدرێژەی قسەکانیدا "تووشی سەرسوڕمان بووم بە کاردانەوەی تووندی مێسی بەرامبەرم و قسەکردنی بەشێوەیەکی نەشیاو، بۆیە ئاسایی بوو کە وەڵامی بدەمەوە، بەڵآم ئەمە لە خۆشەویستیم بۆی وەک یاریزانێکی ئەفسانەیی کەم ناکاتەوە".
سەبارەت بەخۆشەویستیی بۆ مێسی یان کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودیە، بەرگریکارەکەی ئەهلی گوتی "هەردووکیانم خۆشدەوێت، چونکە هەردووکیان خاوەنی مێژوویەکی گەورەن".
ئەهلی بەکۆکردنەوەی دوو خاڵ، کێبڕکێکانی کۆمەڵەی یەکەمی مۆندیالی یانەکانی لە پلەی چوارەم و کۆتاییدا تەواوکرد، لە کاتێکدا ئینتەرمەیامی بە 5 خاڵ پلەی دووەمی بەدەستهێنا و دوای دۆڕانی بەرامبەر پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر، ماڵئاوایی لە قۆناخی 16 کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ