نەیمار بەر لە یاری بارسێلۆنا زۆر گریاوە.. بۆچی؟

20-02-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نەیمار داسیلڤا بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتال

نەیمار داسیلڤای بەرازیلی، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی پلانی بۆ ئەوە داناوە سوپرایزێک بۆ یانەی پێشووی بارسێلۆنا ئامادە بکات. خانمە هاوڕێیەکیشی دەڵێت "نەیمار بەر لە یاری بارسێلۆنا زۆر گریاوە".

نەیمار تووشی پێکان بووە، کە بەو هۆکارەوە بەشداری لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ لە بەرامبەر بارسێلۆنادا نەکرد، کە یانەکەی 4 - 1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

بە گوێرەی رۆژنامەکانی فەرەنسا، نەیمار بە هەموو جۆرێک کار بۆ ئەوە دەکات کە لە زووترین کاتدا لە پێکانەکەی چاکبێتەوە، بۆ ئەوەی بەرامبەر بارسێلۆنا یاری بکات.

بڕیارە نەیمار رۆژی 3ـی ئادار، واتا هەفتەیەک پێش یاریی بارسێلۆنا، بگەڕێتەوە نێو مەشق و راهێنانەکانی یانەکەی.

ئەو سەرچاوانە روونیانکردووەتەوە کە نەیمار پێشبرکێی کات دەکات بۆ ئەوەی بۆ یارییەکە ئامادەبێت، چونکە خۆی بەر لە یاریی چووندا گوتبووی "یاریکردن بەرامبەر بارسێلۆنا واملێدەکات بە حەماسەت و پەرۆشییەوە یاری بکەم".

لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی پاریس سانجێرمان پێشبینی بەشداریکردنی نەیمار رەتدەکەنەوە، چونکە نایانەوێت پەلە بکەن و سەرکێشی بە نەیمار بکەن، نەوەک دەرئەنجامەکان خراپ بن و پەشیمانی دادیان نەدات.

رۆژنامەکانی فەرەنسا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە یەکێک لە باشترین هەواڵەکان بۆ پاریس سانجێرمان گەڕانەوەی مسۆگەری ئانخێل دی ماریای ئەستێرەی ئەرجەنتینییە بۆ یارییەکەی بارسێلۆنا، کە ئەویش بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یاری چووندا نەکرد، بەڵام بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە بگەڕێتەوە نێو مەشق و راهێنانەکانی یانەکەی و بۆ یاری دیژۆن لە خولی فەرەنسا بانگهێشت دەکرێت.

ئیزابێلا، خانمە راگەیاندنکارێکی بەرازیلی نزیک لە نەیمارە، ئەو دەڵێت "نەیمار کاتێک تووشی پێکان بوو، زۆر گریا، چونکە دەیویست یاری تەمەن بەرامبەر بارسێلۆنا بکات".

دوای یاری بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان، نەیمار جارێکی دیکە هاندەرانی بارسێلۆنای تووڕەکرد، کاتێک ڤیدیۆیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت نەیمار لە ماڵەوە سەیری یارییەکە دەکات و کاتێک کیلیان ئێمباپێی هاوڕێی گۆڵێک دەکات، ئەو ئاهەنگ دەگێڕێت، لە کاتێکدا ئەو نەریتە لەنێو یاریزانانی تۆپی پێدا باوە کە هەر یاریزانێک گۆڵ لە تیپی پێشووی بکات، ئاهەنگ ناگێڕێت وەک رێزێک بۆ جەماوەر و یانەی کۆنی، مەگەر یاریزانێک بە تووڕەیی لە یانەکەی چووبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە