بەهۆی ڤینیسیۆسەوە، ڤالێنسیا هەڕەشە لە نێتفلێکس دەکات

20-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر رەگەزپەرستی لە یاریگەکاندا یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ڤالێنسیا هەڕەشەی پەنابردنە بەر دادگا و تۆمارکردنی سکاڵا لە 'نێتفلێکس' دەکات، بەهۆی دۆکۆمێنتاریی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدەوە.
 
یانە ئیسپانییەکە رایگەیاندووە ئەو فیلمەی نێتفلێکس کە لەسەر ژیانی ڤینیسیۆس بڵاوکراوەتەوە، درۆی تێدایە و دەبێ یان راستبکرێتەوە یان سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت.
 
لە ساڵانی رابردوودا، ڤینیسیۆس لەگەڵ هاندەرانی یانەی ڤالێنسیا رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەوە پاشئەوەی لە یاریگەی یانەکەدا سووکایەتی و رەگەزپەرستیی بەرامبەر کرا.
 
بەر لە چەند رۆژێک، نێتفلێکس، بەڵگەفیلمێکی لەسەر ژیانی ئەو ئەستێرە بەرازیلییە بەناوی 'سەمای ڤینی' بڵاوکردەوە. لە فیلمەکەدا ڤینی باس لە رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی لە یاریگەکانی تۆپی پێ دەکات لەلایەن هاندەرانەوە، لەسەرووی هەموویانەوە یانەی ڤالێنسیا.
 
یانەی ڤالێنسیا دەڵێ، ئەوەی لە بەڵگەفیلمەکەدا باسکراوە، درۆیە، چونکە دروشمی هاندەرانی یانەکەمان بەرامبەر ڤینیسیۆس دەستکاری کراون و ئەوەش گۆڕینی بەڵگەکانە.
 
یانەی ڤالێنسیا وایداناوە، بەڵگەفیلمەکە دەڵێ، هاندەران ڤینیسیۆسیان بە 'مەیموون' ناوبردووە، لە کاتێکدا وا نییە و هاندەران بەویان گوتووە، "هەی گەمژە".
 
یانەی ڤالێنسیا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا دەڵێ، "لەسایەی ئەو ناهەقی و درۆیانەی دژی جەماوەری یانەکەمان ئەنجامدراون، یانەکەمان بەنووسراو داوا لە بەرهەمهێنەری بەڵگەفیلمەکە دەکات، دەستبەجێ هەڵەکان راستبکاتەوە لەبارەی ئەوەی لە مێستایا روویداوە، کە بێگومان دوورە لە راستییەوە".
 
هەروەها دەڵێ، "دەبێ رێزی هاندەرانمان بگرن و راستییەکان ئاشکرا بکەن"، ئاماژەی بەوەداوە کە مافی وەڵامدانەی یاسایی بەڵگەفیلمەکەی هەیە.
 
لای خۆیەوە، هۆگۆ دۆرۆ، یاریزانی یانەی ڤالێنسیا لەبارەی فیلمەکەوە دووپاتیدەکاتەوە کە هاندەران ئەویان بە گەمژە ناوبردووە و هەمووانیش ئەوەیان گوێ لێبووە، نەک رەگەزپەرستی و ناوبردنی بە مەیموون.
 
ڤینی لەوکاتەوەی لە ریال مەدرید یارییدەکات، کۆی 13 یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا ئەنجامداوە، هەشت بردنەوە، دوو یەکسانبوون و سێ شکستی بەرامبەر ئەو تیپە هەیە.
 
ڤینی نۆ گۆڵی لە یانەی ڤالێنسیا کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە