ئابڕووچوونێکی گەورە.. راهێنەرێک بە دزییەوە وێنەی خانمە یاریزانەکانی دەگرێ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی سلۆڤاکۆی چیکی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئابڕووچوونێکی گەورە تۆپی پێی چیک و خانمانی جیهان سەرسوڕمان دەکات و راهێنەرێک بە دزییەوە وێنەی خانمە یاریزانەکانی دەگرێ و داوای زیندانیکردنی راهێنەرەکە دەکرێ.
 
رووداوەکە لە نێو تیپی تۆپی پێی خانمانی یانەی سلۆڤاکۆی چیکی روویداوە، راهێنەری یانەکە پیتەر ڤلاچۆڤسکی، بۆ ماوەی چوار ساڵ بە نهێنی وێنەی یاریزانەکانی گرتووە و لە کاتی خۆ شوشتن و خۆ گۆڕینی یاریزانەکاندا دیمەنەکانیان تۆمارکراوە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، راهێنەرەکە کامێرای چاودێریی بە دزییەوە لە شوێنی شاراوە داناوە و ڤیدیۆ و وێنەی یاریزانەکانی گرتووە، لەکاتێکدا یاریزانەکانی بە تەمەن بچووکن و بچووکترینیان تەمەنی تەنیا 17 ساڵە.
 
دوای ئاشکرابوونی ئابڕووچوونەکە، پیتەر ڤلاچۆڤسکی، راهێنەری تیپی خانمانی یانەکە سزای زیندانیکردنی بۆ ساڵێک و قەدەخەکردنی لە کارکردنی وەکو راهێنەر بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەسەردا سەپێنرا و بەوە تومەتبار کراوە کە ماوەی 4 ساڵ وێنەی 14 یاریزانی بە دزییەوە گرتووە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، ماوەیەکی زۆرە ئەو رووداوە روویداوە، بەڵام یاریزانەکان پێیان نەزانیووە کە ڤیدیۆیان تۆمارکراوە، تاوەکو ئەو کاتەی راهێنەرە دەستگیرکراوە.
 
چیک بڕیارییداوە چیدیکە رێگەنەدات ئەو راهێنەرە لە ناوخۆی وڵاتەکە راهێنەرایەتی بکاتەوە، سەندیکای جیهانیی یاریزانانی پیشەگەریش لێکۆڵینەوەی تەواو لە رووداوەکە دەکات و دەیەوێت لە رێگەی یاساییەوە کار بۆ ئەوە بکات کارکردن لەو راهێنەرە لە هەموو شوێنێک قەدەخە بکات.
 
یاریزانەکان بەبێ ئەوەی ناویان بهێنرێ قسەیان بۆ میدیای چیک کردووە و دەڵێن، دوای ئەم رووداوە ئیدی ئەوان شەوان دەترسێن بخەون و لە شوێنە گشتییەکانیشدا تووشی دڵەڕاوکێ دەبن، لەوەی نەکا وێنەیان بە دزییەوە بگیرێ.




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە