لاپۆرتا لە پێرێز جیابووەوە و کاتی رێزلێنان لە مێسی ئاشکرا دەکات

20-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بەشێوەیەکی فەرمی جیابوونەوەی لە پڕۆژەی سوپەرلیگ راگەیاند و دەڵێت "ئێمە هاوتەریب لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا دەڕۆین."
 
لاپۆرتا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی یانەی بارسێلۆنا گوتی "ئێمە بەهۆکاری تایبەت لەگەڵ پڕۆژەی سوپەرلیگ بووین، بەڵام دوای ئەوەی دۆخەکە لەگەڵ یوفا ئەرێنی بوون، بڕیارماندا ئاشتەوایی لە پێشینەی کارەکانمان بێت، ئێمە هەمیشە دەمانەوێت تۆپی پێی ئەورووپا هێور بکەینەوە و بەردەوامیش ئەوەمان گوتووە."
 
سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا زیاتر لەو بارەیەوە دەڵێت "پێشوازییەکی گەورەمان لەلایەن یوفاوە لێکرا، ئێمە دامەزرێنەری دەستەی یانەکانی ئەورووپاین و ویستێکی گەورەم لەلایەن یوفاوە بینی بۆ گەڕانەوەی بارسێلۆنا و هەموو یانەکانی سوپەرلیگ، بۆیە هیوادارم یوفا و سوپەرلیگ ئاشت ببنەوە."
 
لەلایەکی دیکەوە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا وادەی رێزلێنان لە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و پێشووی یانەکەی ئاشکرا دەکات، لەکاتێکدا دوای رۆیشتنی لە یانەکە هیچ رێزلێنانێکی بۆ نەکراوە.
 
لاپۆرتا لەو بارەیەوە بە رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی گوت "مێسی گەورەترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێیە، ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی رێزلێنانێکی شایستە بە کاروانەکەی بکەین، وەکو ئەوەی پێشتر گوتوومە پلانمان ئەوەیە دوای گەڕانەوەمان بۆ کامپ نو رێزلێنانەکە بکەین، بۆیە چاوەڕواندەکەین لە کۆتایی ساڵی 2026 بێت، هەموو یانەکە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەم ساتە دەکات."
 
مێسی لە هاوینی 2021 دوای تەمەنێک یارییکردن بەدرێسی بارسێلۆناوە، بێبەرامبەر چووە پاریس سانجێرمان دوای ئەوەش پەیوەندیی بە ئینتەرمەیامییەوە کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە