رووداو دیجیتاڵ
ڤیکتۆر فۆنت، یەکێک لە بەربژێرانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا، سوپرایزێکی گەورە دەتەقێنێتەوە و دەڵێت "لیۆنێل مێسی دەگەڕێتەوە بۆ پۆشینی درێسی بارسێلۆنا".
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ گەرمکردنی کێبڕکێی سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا، ڤیکتۆر فۆنت، بەربژێری چاوەڕوانکراو بۆ سەرۆکایەتی یانەکە، وردەکاریی پڕۆژە وەرزشی و دامەزراوەییەکەی ئاشکراکرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەفسانەی ئەرجەنتینی لیۆنێل مێسی بۆ کامپ نو.
فۆنت رۆیشتنی مێسی بە "یەکێک لە خراپترین شکستەکانی سەردەمی کارگێڕیی ئێستا" ناوبرد، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو گەڕانەوەیەی پلانی بۆ دادەنێت تەنیا رێزلێنانێکی سۆزداری نییە، بەڵکو دەبێتە پێکهاتەیەکی ستراتیژی درێژخایەن.
فۆنت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە ئەمڕۆ سازی کرد، روونیکردەوە کە پڕۆژەکەی، کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022ـەوە دەستی بە کارکردن لەسەر کردووە، لەسەر 3 کۆڵەکەی سەرەکی راوەستاوە کە ئامانجیان تێکەڵکردنی مێسییە لەگەڵ قەوارەی یانەکە بەشێوەیەکی هەمیشەیی:-
1 - رەهەندی دامەزراوەیی (سەرۆکایەتی شانازی): فۆنت پێشنیازی بەخشینی پۆستی 'سەرۆکی شانازی'ـی یانەکە بە مێسی دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد کە مێسی بەرجەستەکاری بەهاکانی بارسێلۆنایە لە خاکەڕایی، سەرکردایەتی و دڵسۆزی. جەختیشی کردەوە کە ئەم پێشنیازە دەخرێتە بەردەم کۆمەڵەی گشتی یانەکە بۆ ئەوەی بەیاسایی پەسەند بکرێت، تاوەکو مێسی ببێتە "باشترین باڵیۆز" بۆ بارسا لە جیهاندا.
2 - رەهەندی وەرزشی (دواماڵئاوایی): فۆنت دەرگای بۆ ئەگەری پۆشینەوەی درێسی بلاوگرانا لەلایەن مێسی وەک یاریزانێکی چالاک لە تیپی یەکەمدا واڵاکرد، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لەنێو یاریگەوە ماڵئاوایی لە هاندەران بکات. فۆنت ئەم بابەتەی بە مەحاڵ ناوبرد لە سایەی مانەوەی کارگێڕیی ئێستا بەسەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا.
3 - رەهەندی ئابووری (هاوبەشیی هەمیشەیی مێسی - بارسێلۆنا): ئامانجی پڕۆژەکە بەستنەوەی براندی بازرگانی مێسییە بە یانەی بارسێلۆناوە لەڕێگەی گرێبەستێکی هەمیشەیی. فۆنت ئاشکرایکرد کە سەرقاڵی لێکۆلینەوەیە لە رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، و جەختی کردەوە لە بوونی 'تەواوکاری و هەماهەنگی' لەنێوان هەردوو یانەدا کە دەکرێت لەڕووی بازرگانی و مارکێتینگەوە لەسەر ئاستی جیهان سوودێکی لێ وەربگیرێت.
هەڵوێستی دەوروبەری مێسی
سەرەڕای ئەو پێشنیازانەی فۆنت خستییەڕوو، بەڵام سەرچاوە نزیکەکان لە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بە رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانییان راگەیاندووە کە مێسی بەشداری لە هیچ بانگەشەیەکی هەڵبژاردندا ناکات، و هەبوونی هەر هەماهەنگییەکی فەرمییان لەگەڵ فۆنت رەتکردووەتەوە، ئەمەش وەک پابەندبوونی مێسی بە بێلایەنی بەرامبەر ململانێکانی نێو یانە کەتەلۆنییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ