رۆناڵدۆ خۆپەرستە؟ مێژوو قسەی خۆی دەکات

21-03-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ لێدانی سزا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دیمەنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ تالیسکای هاوڕێی لە یانەی نەسڕ، کاتێک رێگەی پێدا لێدانی سزا لەجیاتی ئەو لێبدات، ئەو پرسیارەی بیری هەمووان هێنایەوە، ئایا کریستیانۆ رۆناڵدۆ خۆپەرستە و ئامادە نییە لە هەندێک بارودۆخی تایبەتدا، بۆ یارمەتیدانی هاوڕێکانی دەستبەرداری جێبەجێکردنی لێدانی سزا ببێت؟.
 
رۆژی شەممەی رابردوو، هێرشبەرە 38 ساڵانەکە، لە دوایین یاریی یانەکەیدا بەرامبەر یانەی ئەبها، دوای ئەوەی رۆناڵدۆ بە لێدانێکی مووشەک ئاسا ئەنجامی یارییەکەی بۆ یانەکەی یەکسانکردەوە، ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ نەسڕ هەژمارکرد و کریستیانۆ کە  جێبەجێکاری یەکەمی تیپەکەیە دەیتوانی گۆڵی دووەمی خۆی لە یارییەکەدا تۆماربکات، بەڵام رێگەی بە ئاندرسۆن تالیسکای هاوڕێیدا لێدانەکە جێبەجێبکات، کە تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە و لە پێشبڕکێی گۆڵکاری خولەکەدا دوو گۆڵی مابوو بگاتەوە عەبدولڕەزاق حەمدوڵڵای یاریزانی یانەی ئیتحاد.
 
تالیسکا لێدانەکەی بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرد و ژمارەی گۆڵەکانی کردە 14 خاڵ، دووەم گۆڵکارە لە دوای حەمدوڵڵا کە خاوەنی 15 گۆڵە. 
 
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا رۆناڵدۆ تەنیا ئەمجارە ئەم کارەی کردووە و پێشتر یاریزانێکی خۆپەرست بووە، یان لە ریال مەدریدیش، ئەوکاتەی لە بەرزترین ئاستیدا بوو، رکابەری لیۆنێل مێسی دەکرد، ئەم کارەی کردووە و بۆ هاوڕێکانی دەستبەرداری جێبەجێکردنی لێدانەکانی سزا بووە؟
 

کاکا
 
لە ساڵی 2009 ریال مەدرید چەندین گرێبەستی گرانبەهای ئەنجامدا و رۆناڵدۆ و کاکای بەرازیلی دوو لەو ئەستێرانە بوون، کە کاکا خاوەنی باڵۆن دۆری 2007 بوو، گۆڵکاری پورتوگالیش خاوەنی باڵۆن دۆری 2088 بوو. کە دۆن هەر لە یەکەم یارییەوە تواناکانی خۆی سەلماند، لە کاتێکدا کاکا لە لایەنی گۆڵکردندا باش نەبوو.
 
لە گەڕی چوارەمی لالیگادا بەرامبەر ڤیاریال، دوای ئەوەی رۆناڵدۆ گۆڵی یەکەمی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد، یانەی پایتەختی ئیسپانیا لە رێگەی گۆنزالۆ هیگواینەوە لێدانێکی سزای بەدەستهێنا، هەمووان چاوەڕێی ئەوەبوون رۆناڵدۆ لێدانەکە جێبەجێبکات بۆ ئەوەی ژمارەی گۆڵەکانی زیادبکات، بەڵام ئەو تۆپەکەی رادەستی کاکا کرد، بۆ ئەوەی دوای چەندین یاریی گۆڵنەکردن، دەست بە گۆڵکردن بکاتەوە.
 

چاڤی ئەلۆنسۆ
 
لەهەمان وەرزدا و دیسان بەرامبەر ڤیاریال، کە لە قۆناخی دووەمی لالیگادا ئەنجامدرا، کاتێک ریال مەدرید بە پێنج گۆڵ پێشکەوت، کە رۆناڵدۆ گۆڵێک و هەریەکێک لە کاکا و هیگواین دوو گۆڵیان کردبوو، سێ خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە، تیپەکە لێدانێکی سزای بەدەستهێنا، رۆناڵدۆ لە رێگادا بوو بۆ ئەوەی لێدانەکە جێبەجێبکات، بەڵام زوومی کامێراکان کەوتنە سەر گفتوگۆیەکی نێوان ئەو و چابی ئەلۆنسۆی هاوڕێی، کە چابی داوای لە رۆناڵدۆ دەکرد دەرفەتی پێبدات لێدانەکە جێبەجێبکات، چونکە هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکردووە، کریس رێگەی پێدا و ئەڵۆنسۆ توانی یەکەم گۆڵی خۆی بە درێسی ریال مەدریدەوە تۆماربکات.
 

سێرخیۆ رامۆس
 
لە وەرزی 2010-2011 بەرگریکارە ئیسپانییەکە کە بە مەیلی هێرشبەری ناسراوە، تاوەکو گەڕی 12ـی خولەکە نەیتوانیبوو هیچ گۆڵێک بۆ یانەکەی تۆماربکات، کاتێک ریال مەدرید بە دوو گۆڵ بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو، لە رێگەی هیگواین و رۆناڵدۆوە لەپێش بوو، لە خولەکی 57ـدا لێدانێکی سزای بۆ هەژمارکرا، رۆناڵدۆ رێگەی بە رامۆس دا لێدانەکە جێبەجێبکات و ئەویش بە سەرکەوتوویی لێیدا، کە یەکەم گۆڵی رامۆس بوو لەو وەرزەدا، هەروەها یەکەم گۆڵی بەرگریکارەکە بوو کە بە لێدانی سزا بۆ ریال مەدرید تۆماربکات، سەرەڕای ئەوەی لە هاوینی 2005ـەوە لە سێڤییاوە پەیوەندی بە یانەی شاهانەوە کردبوو. 
 
ئەو یارییە بە پێنج گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بۆ ریال مەدرید کۆتاییهات، دوای ئەوەی رۆناڵدۆ گۆڵی چوارەم و پێنجەمی زیادکرد.
 

کەریم بنزیما
 
هێرشبەرە فەرەنسییەکە لە وەرزی 2010-2011 لەسەر ئاستی گۆڵکردن رووبەڕووی دۆخێکی خراپ بووبووەوە، بەو پێیەی خاوەنی تاکە گۆڵێک بوو، کە لە گەڕی چوارەمی خولەکەدا بەرامبەر ئیسپانیۆل تۆماریکردبوو، کە نزیکەی دوو مانگ بوو لە تۆمارکردنی گۆڵدا بەشداری نەکردبوو.
 
دوای ئەوەی لە یاریی چوونی لە جامی شای ئیسپانیادا بەرامبەر مایۆرکا بەبێ گۆڵ یەکسانبوو، یانەی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەدا توانی سێ گۆڵ لە رێگەی گرانێرۆ، هیگواین و رۆناڵدۆ تۆماربکات. ئینجا لە خولەکی 81ـدا مایۆرکا جیاوازییەکەی کەمکردەوە و چوار خولەک پێش کۆتاییهاتنی یارییەکە، لێدانێکی سزا بۆ ریال مەدرید لەلایەن ناوبژیوانەوە هەژمارکرا.
 
رۆناڵدۆ کە ئەوکات گۆڵی یەکەمی خۆی لە جامی شادا تۆمارکردبوو، دەستبەرداری ئەگەری تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی بوو و رێگەی بە بنزیما دا بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر رێچکەی گۆڵکردن، یارییەکەش بە ئەنجامی 5-1 لە بەرژەوەندی ریال مەدریددا کۆتاییهات.
 
هەمان دیمەن لە ساڵی 2018 دووبارە بووەوە، بەرامبەر ئالاڤێس لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆدا، کاتێک رۆناڵدۆ دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا هاتریک تۆماربکات، دوای ئەوەی لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەدا گاریس بەیڵ لەناو ناوچەی سزادا لێدانێکی سزای بۆ ریال مەدرید بەدەستهێنا، بەڵام کریس تۆپەکەی بۆ بنزیما بەجێهێشت، کە ئەوکات لە لایەنی گۆڵکارییەوە کێشەی زۆری هەبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە