رووداو - هەولێر
بەشێوەیەکی فەرمی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا، سەرجەم چالاکی و خولەکانی تۆپی پێی سەربە یەکێتییەکەی رابگرێت.
کرێکار زرار، ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بە رووداوی گوت، بەهۆی ئەو شەڕ و ئاژاوانەی لە خولەکانی کوردستاندا روویاندا، یەکێتییەکە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاییدا سەرجەم چالاکییەکانی تۆپی پێ بۆ ماوەیەکی نادیار رابگرێت.
بەپێی قسەی ئەو ئەندامەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکانی هەردوو یاریی سۆران و هەولێر لە خولی یانە نایابەکانی کوردستان و سیروانی نوێ و زاخۆ، لە خولی لاوانی کوردستان پێکدەهێندرێت و لایەنی کەمتەرخەم سزادەدرێت.
محەممەد کارێزی پەیامنێری رووداو رایگەیاند بڕیارە هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەیەکی دیکە لەسەر ئەو مژارە ئەنجامبدات، بۆ ئەوەش داوادەکات نوێنەرانی سەرجەم یانە بەشدارەکانی خولە جیاوازەکانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبن، بۆ قسەکردن لەسەر ئەو کێشە و گرفتانەی هاتوونەتە پێشەوە.
ئەم بڕیارانەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دوای ئەوەهات، لە یاریی سۆران و هەولێر لە خولی یانە نایابەکانی کوردستان و سیروانی نوێ و زاخۆ لە خولی لاوانی کوردستان، شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە روویدا و چەندین کاردانەوەی نەرێنی و جیاوازیشی بەدوای خۆیدا هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ