رووداو دیجیتاڵ
ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە دوای یەکەم شکستی تیپەکە لە لالیگا لەگەڵ ئەو راهێنەرە، دووپاتیدەکاتەوە، هێشتا کات زۆر ماوە بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی نازناوی خولەکە.
ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە 1 - 2 گۆڵ بە ئۆساسونا دۆڕا و بەوەش تیپەکە، لە ژێر هەڕەشەی لەدەستدانی پێشەنگدایە بۆ بارسێلۆنای رکابەری، کە ئەمشەو لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی لیڤانتێی نۆزدەیەمی ریزبەندی خولەکە دەکات.
ئەربێلوا پێیوابوو، بەدرێژایی یارییەکە، ئۆساسونا لە یارییەکەدا دوو لێدانی هەبوو و هەردوو لێدانەکەش دوو گۆڵیان لێکەوتەوە، بەڵام وەکئەو گوتی، "ئێمە دەتوانین زیاتر پێشکەش بکەین، چونکە ئێمە ئاستی زۆر باشترمان هەیە".
بەلای ئەربێلواوە، تیپەکەی دەتوانێت جۆشوخرۆشی زیاتری هەبێت، لای روونە کە هەموو یارییەک لە دەرەوەی یاریگەی تیپەکەی قورسە، چونکە "دەمزانی هاتن بۆ ئەم یاریگەیە (ئەلسادار) چەندە قورسە، لە پێشبینییەکەمدا هەڵە نەبووم".
دوای یارییەکە پرسیارێک هاتە ئاراوە، ئایا ریال مەدرید خۆی بەدەستەوە دەدات لە ململانێی نازناوەکەدا؟ لای ئەربێلوا ئەو شتە لە ئارادا نییە، بەڵکو دۆخەکە هێشتا لە سەرەتادایە، "پێشتر گوتم وەرزەکە هێشتا دەستیپێنەکردووە، ئەگەرچی لەوانەیە ئەوە بەزێدەڕۆیی بزانن، بەڵام من هێشتا هەمان بۆچوونم هەیە".
میدیاکان گوتیان شکستەکەی ریال مەدرید، لە پێکهاتەی تیپەکەوە دەستپێکرد، کە ئەربێلوا بەرپرسی یەکەم بوو لە دانانی و لانیکەم کاژێرێک پێش یارییەکە ئاشکرای کردبوو. هەمووان بەلایانەوە سەیربوو، لە یارییەکی لەو جۆرەدا، دانی کارڤاخال کە ماوەیەکی یەکجار زۆرە یاریی نەکردووە، لە پێکهاتەی سەرەکی بێت.
بەڵام ئەربێلوا بەپێچەوانەی هەمووانەوە، کەسی بەرپرس نەکرد لە شکستەکە، بەڵکو هەڵەکەی لە وشەیەکدا کۆکردەوە، "خێرایی".
ئەو پێیوایە، "لە هەندێک کاتی گێمی یەکەمدا باشبووین، بەڵام خێرا نەبووین. دژ بەهەر بلۆکێکی نزمی بەرگری، یان رکابەرێک کە لە نیوەی یاریگەی خۆیدا بەرگری دەکات، یان دەبێ لە گواستنەوەی تۆپدا خێرابین، یان ئیدی ئەوان بەئاسانی بەرگری دەکەن. ئەمە ئەو شتەیە دەبێ بۆ داهاتوو باشتری بکەین".
وانەیەک لە شکستەکەدا لای راهێنەری ریال مەدرید گەڵاڵە بووە، وانەی "هەڵسانەوە" لە پاش شکست، بەبڕوای ئەو راهێنەرە، ئەوان ناتوانن هەموو یارییەکانی خولەکە ببەنەوە، هێشتا زۆر گەڕ ماون، بەڵام لە کۆتاییدا "تیپەکە هێزی خۆی پێشان دەدات، لەو کاتەدا کە رووبەڕووی زەحمەتییەکان دەبێتەوە، یان شکست دەهێنێت".
وێڕای ئەوەش، ئەوەی لە فەرهەنگی بەرگریکەرەکەی پێشووی ریال مەدریددا نابێ بوونی هەبێت، "گومانە". چونکە ئەو هێشتا بڕوای بە یاریزانەکانی هەیە، هەروەها "بەوکارەی دەیکەن".
لە کۆتاییدا بەڵێندان بۆ باشتربوون، دوایین قسەکانی ئەربێلوا دەبێت، ئەو دەڵێ، "بەردەوام دەبین لەسەر سووربوون، لەسەر کارکردن، هەوڵدەدەین باشترین ئاستی یاریزانان بەدەست بهێنین، لەبەرئەوەی پێویستمان بەهەموویان دەبێت".
هەموو ئەو قسە پڕ لە گەشبینییانەی راهێنەری ریال مەدرید کردی لە دوای یارییەکە، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە شکستەکە ئەو دەخاتە ژێر گوشاری زۆرەوە، چونکە تیپەکەی هەلێکی ئاسانی بۆ مانەوە لە لووتکەی لالیگا لەدەستدا، بەرلەوەی لە ناوەڕاستی هەفتەدا هەوڵی مسۆگەرکردنی پەڕینەوە بۆ قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ بدات، لە رێگەی یاریی گەڕانەوەی پلەی ئۆفی قۆناخەکە، بەرامبەر بێنفیکای پۆرتوگالی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ