هەموو شتێک لەسەر دێربیی مەدرید

22-03-2026
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دێربیی مەدرید ریال مەدرید ئاتلێتیکۆ مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمڕۆ دێربیی مەدریدە و هەردوو گەورە یانەی پایتەختی ئیسپانیا لە چوارچێوەی گەڕی 29ـی لالیگادا لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و سێ خاڵی یارییەکە کاریگەرییەکی راستەوخۆیان لەسەر رکابەری لەسەر نازناوەکە هەیە.
 
دێربیی مەدرید یەکێکە لە بەهێزترین و دێرینترین رووبەڕووبوونەوەکانی مێژووی تۆپی پێ، نەک تەنیا لە ئیسپانیا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان.  
 
رەگ و ریشەی مێژوویی و کولتووری
 
*  ریال مەدرید ساڵی 1902 دامەزراوە. بە مێژوویی وەک یانەی چینی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار دەبینرێت، نازناوی  شاهانە  Los Blancos  لەلایەن شا ئەلفۆنسۆی سێیەمەوە بە یانەکە بەخشراوە.
 
*  ئاتلێتیکۆ مەدرید دوای ساڵێک و لە 1903 لەلایەن چەند قوتابییەکی باسکییەوە دامەزراوە. مێژوویەکەی زیاتر پەیوەستە بە چینی کرێکار و ئەوانەی دژی دەسەڵاتی باو بوون.
 
جیاوازییەکان
 
ململانێکە تەنیا تۆپی پێ نییە، بەڵکو گوزارشتە لە ململانێی نێوان 'خۆشگوزەرانی و سەرکەوتنی جیهانی' کە گوزارشتە لە ریال مەدرید بەرامبەر بە 'رۆحییەتی جەنگاوەرانە و قوربانیدان' کە گوزارشت لە ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات.
 
رووبەڕووبوونەوە مێژووییە گەورەکان
 
رکابەرییەکە لە دەیەی رابردوودا گەیشتە لووتکە، بەتایبەت لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
*  فیناڵی لیسبۆن 2014.. دراماتیکیترین سات بوو کاتێک سێرخیۆ رامۆس لە خولەکی 92.48 گۆڵی یەکسانبوونی دژی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا تۆمارکرد، دواتر ریال مەدرید لە دوو گێمی زیادکراودا 4-1 بردییەوە و نازناوی دەیەمی بەدەستهێنا.
 
*  فیناڵی میلان 2016.. جارێکی دیکە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و ئەمجارەش ریال مەدرید بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە نازناوەکەی بردەوە. 
*   باڵادەستیی ئەورووپی.. ریال مەدرید لە ساڵانی 2015 و 2017ـەش توانی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە چامپیۆنزلیگ بکاتە دەرەوە.
 
فەلسەفەی یاری 'سەردەمی سیمیۆنی'
 
لەو کاتەوەی دیێگۆ سیمیۆنی  لەساڵی 2011 بووەتە راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، هاوسەنگیی دێربی گۆڕاوە:
 
*  ئاتلێتیکۆ مەدرید  پشت بە چۆلیزمۆ Cholismo دەبەستێت؛ فەلسەفەیەک کە جەخت لەسەر بەرگرییەکی پۆڵایین، رۆحییەتی بەرزی جەنگاوەرانە و هێرشی هەڵگەڕاوە دەکاتەوە.
 
*  ریال مەدرید پشت بە کەسایەتیی بەهێزی یانەکە، کوالێتیی تاکەکەسیی یاریزانەکان و توانای یەکلاکردنەوەی یارییە گەورەکان دەبەستێت لە هەر بارودۆخێکدا بێت.
 
ئامارە گشتییەکان
 
*  لەڕووی مێژووییەوە ریال مەدرید لە ژمارەی بردنەوەکاندا لە لالیگا، جامی شای ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگ لەپێشەوەیە.
 
*  گۆڵکاری مێژوویی دێربی  ئەستێرەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە بە تۆمارکردنی 22 گۆڵ.
 
یاریگاکان 
 
*   سانتیاگۆ بێرنابیۆ..  قەڵای سپیپۆشەکان، کە نۆژەنکرایەوە و بووەتە شاکارێکی جوانی ئیسپانیا و ئەورووپا.
*   میترۆپۆلیتانۆ.. یاریگای ئاتلێتیکۆ مەدریدە، کە بە کەشوهەوا گەرموگوڕ و پڕ لە جۆش و خرۆشەکەی دەناسرێتەوە.
 

دۆخی ئێستا 
 
*  ریال مەدرید  لەژێر سەرپەرشتی ئەلڤارۆ ئەربێلوا لە سەقامگیرییەکی تەواودا نییە و ئەگەرچی بەم دواییە لە چامپیۆنزلیگدا یەکێک لە بەهێزترین تیپەکانی ئەورووپای دەرکرد، کە مانچێستەر سیتییە و خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە لووتکەی ئاستی و هەندێکجار تێبینی هەڵبەز و دابەز لە ئاستەکەیدا دەکرێت. گەڕانەوەی هەردوو ئەستێرەکەی لە پێکان،  کیلیان ئێمباپێ و جود بێلینگهام هێزێکی زیاتر بە تیپەکە دەبەخشن.
 
*   ئاتلێتیکۆ مەدرید، کە لە بازاڕی گواستنەوەکاندا کۆمەڵێک یاریزانی نوێی گواستووەتەوە، ئەویش وەک ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا خۆی گەیاندووەتە قۆناخی هەشت و هیواخوازە لەم یارییەدا لە ریال مەدریدی بباتەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە رکابەریی بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە لالیگادا دوورنەکەوێتەوە و بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێکیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا بەوڕەیەکی بەرز لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا.
 
*  ریال مەدرید تاوەکو ئێستا 66 خاڵی لە لالیگادا کۆکردووەتەوە و بەجیاوازی 4 خاڵ لەدوای بارسێلۆنای پێشەنگەوەیە. زۆر پێویستە ئەمڕۆ لەسەر یاریگای خۆی و بەرامبەر هاندەرانی دێربیی مەدرید بباتەوە، چونکە دۆڕاندن واتا تا راددەیەک خۆبەدەستەوەدان بەرامبەر بارسێلۆنا.
 
*  ئاتلێتیکۆ مەدریدیش 57 خاڵی هەیە و پلەی چوارەمی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە، بردنەوە بۆ ئەو واتا تا راددەیەک گەڕانەوە بۆ نێو رکابەرییەکە، بەڵام دۆڕاندن واتا بێهیوابوونی یەکجارەکی لە لالیگا.
 
*  هەر چۆنێک بێت هەردوو یانەکەی مەدرید دوایین دوو یارییەکانیان لە لالیگادا بردووەتەوە و ئەمڕۆ ئامانجی هەردووکیان بردنەوەیە، چونکە یەکسانبوون لە بەرژەوەندی رکابەریی یەکەمیانە، کە بارسێلۆنایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رێورەسمی مۆندیال

لە ئاهەنگی کردنەوەی مۆندیالدا کۆمەڵێک ئەستێرە جیهانی گۆرانی دەڵێن

فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی 'فیفا' پلانی داناوە بۆ هەر سێ وڵاتی میوانداری مۆندیالی 2026 کە رێوڕەسمێکی تایبەتی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە ئەنجام بدەن، هاوکات ئاهەنگێکی تایبەت بۆ یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی ئەمریکا لە چوارچێوەی یارییەکاندا رێکدەخات.