رووداو دیجیتاڵ
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، بەر لە یاریی دێربیی مەدرید مژدەیەکی خۆش دەداتە هاندەرانی یانەکەی و دەڵێت "کیلیان ئێمباپێ سەد لە سەد بۆ یارییەکە ئامادەیە".
ئەمڕۆ کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان دێربیی مەدرید لەنێوان هەردوو گەورە یانەی پایتەختی ئیسپانیا لە چوارچێوەی گەڕی 29ـی لالیگادا لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت.
ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و مژدەیەکی خۆشی دایە هاندەرانی مێرێنگی سەبارەت بەگەڕانەوەی هەردوو ئەستێرەی یانەکەی، کیلیان ئێمباپێ و جود بێلینگهام.
پوختەی قسەکانی ئەربێلوا لەبارەی ئەو دوو ئەستێرەیە بەمشێوەیە بوو:
پێمگوتبوون ئەو رۆژەی ئێمباپێ دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوە دەبێت کە 100٪ ئامادەیە. هەموومان لە مانچێستەر بینیمان، ئەو دوو سێ راکردنە خێرایەی کە ئەنجامی دان، پێموایە هەر یەکێک لەو جوڵانەی دەریخست کە ئەو زۆر باشە، و لە سەرووی هەمووشیانەوە هەستەکانی خۆی، کە لە کۆتاییدا ئەوە گرنگە؛ ئەوکاتە چ هەستێکی هەبوو و ئێستا لە کاتی رهێنانەکاندا چ هەستێکی هەیە. لەلایەن منەوە: متمانەی تەواو، دڵنیایی تەواو و جۆش و خرۆشێکی زۆری بۆ گەڕانەوە هەیە؛ یاریزانێکی وەک ئەو کە دەتوانێت ئەنجامی یاری بگۆڕێت، بەڕێژەی سەدا سەد ئامادەیە.
شانازییە بۆ یاریزانانی وەک بێلینگهام و ئێمباپێ کە یاریی بۆ وڵاتەکانیان بکەن، من ناتوانم چاوەڕێی ئەوە بکەم کە یاریزانی وەک ئەوان نەچن بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی. روونە کە ئەوان بۆ من وەک راهێنەری ریال مەدرید یاریزانی زۆر گرنگن، چونکە هەموو رۆژێک کاریان لەگەڵ دەکەم و تێدەگەم کە بۆ هەڵبژاردە نیشتمانییەکانیشیان گرنگن، کە چەند مانگێکی کەمیان ماوە بۆ مۆندیال. بۆیە بەتەواوی تێدەگەم، چونکە منیش ئەو شانازییەم هەبووە کە بەرگری لە وڵاتەکەم بکەم و بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی یاری بکەم. دەزانم مرۆڤ چ هەستێکی هەیە و چ شانازییەک دەکات کاتێک نوێنەرایەتی وڵاتەکەی دەکات و ئەو بەرپرسیارێتییەی لە ئەستۆیەتی، بۆیە بەتەواوی لەم دۆخە تێدەگەم. لەبەرئەوە دەڵێم نەخێر، هیچ کێشەیەک نییە، چونکە ئەوان دوو یاریزانی زۆر زۆر ژیرن. دەزانن چەندە بۆ وڵاتەکەیان گرنگن و بەهەمان شێوە بۆ یانەکەشیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ