پۆڵەندییەکان داوا لە لیڤاندۆڤسکی دەکەن، "سووکایەتییەکان"ی بارسێلۆنا قبووڵ نەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەردەوامبوون یان نەبوونی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە وەرزی داهاتوو روون نییە، ئەستێرە و ئەفسانەکانی پۆڵەندا دۆخی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکە بە "سووکایەتیی پێکردنی بارسا بە لیڤا" ناودەبەن و داوا دەکەن ئەو یاریزانە، چیدی ئەوە قبووڵ نەکات.
 
تاوەکو ئێستا، مشتومڕی چارەنووسی لیڤا لەگەڵ یانەکەی بەردەوامە، هەندێک سەرچاوە باس لە بەردەوامبوون و هەندێکی دیکە باس لە رۆیشتنی لە یانەکە دەکەن، لە کاتێکدا میدیای کەتەلۆنیا ئەو دەستەوارەیەیان ئاشکراکردووە، کە یانەکە خستوویەتییە بەردەستی هێرشبەرەکەی، لەپێناو نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی دیکە، لەگەڵ یانەکە.
 
رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، یانەی بارسێلۆنا دەستەوارەی تەنیا یەک ساڵ نوێکردنەوەی خستووەتە بەردەمی لیڤا و بەمەرجی کەمکردنەوەی بڕی زۆری مووچەکەی، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە چەندین دەستەوارەی لە دەرەوە بەدەستگەیشتووە، بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی دیکەوە.
 
بارودۆخی لیڤا لەگەڵ یانەکەی، لە پۆڵەندا بووەتە رای گشتی، بەشێکی زۆری هاندەران و شارەزایان پێیانوایە، گۆڕینی شوێنی یارییکردن، باشترین بژاردەی بەردەمی ئەو هێرشبەرەیە.
 
یان تۆماسزیڤنسکی، گۆڵپارێزی پێشووی پۆڵەندا، رەخنەی تووندی لە هەڵوێستی بارسێلۆنا بەرامبەر گۆڵکەرەکەی گرتووە و لە پەیامێکی راستەوخۆدا بۆ لیڤا دەڵێ، "رۆبێرت، وەک پیاو هەڵسوکەوت بکە، تۆ یاریزانێکی ئاسایی نیت، تۆ بەناوبانگترین پۆڵەندیت لە مێژوودا، چۆن رێگە بەخۆی دەدەیت یانەی بارسێلۆنا بەو شێوازە مامەڵەت لەگەڵدا بکەن".
 
تۆماسزیڤنسکی هەروەها دەڵێ، "ئەگەر ئێستا رۆبێرت لە بارسا بڕوات، با بزانین بارسێلۆنا چۆن فریای خۆی دەکەوێت و نازناوی لالیگا دەباتەوە؟ من دڵنیام لەوەی رۆبێرت تەنانەت ئەگەر لە خولی ئەمریکی یان یانەیەکی دیکەی ئەورووپا یاریی بکات، بە رێز و پێزانینی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن".
 
یانەی بارسێلۆنا لەو دەستەوارەیەدا کە داویەتییە هێرشبەرەکەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، بەئاشکرا ئەوەی بەو یاریزانە راگەیاندووە کە بەردەوامبوونی، مانای کەمبوونەوەی زۆری رۆڵی لە پێکهاتەی سەرەکی و بەشدارییەکانی لە یارییەکاندا دەگەیەنێت.
 
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا، لە وەرزی ئەمساڵەوە بڕیاریداوە رۆڵی لیڤا کەمبکاتەوە، بەتایبەت کە ژمارەی گۆڵەکانی کەمیان کردووە و پێکانیش بۆ ماوەی بەرچاو لە تیپەکەیان دوورخستووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە