وردەکاریی قسەکانی کوڕەکەی نێگرێرا لەبەردەم دادوەردا

23-09-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا دۆسێی نێگرێرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خاڤیێر ئینریگێز، کوڕی خۆسێ ماریا ئینریگێز نێگرێرای جێگری سەرۆکی پێشووی دەستەی ناوبژیوانانی لالیگا، دووپاتیکردەوە پەیوەندی بەهەڵسوکەوتەکانی باوکییەوە نییە، ئەو بەتێوەگلاو لە دۆسێیەکە دادەنێت و دووپاتیکردووەتەوە تەنیا بەهۆی ئامادەکردنی هەندێک راپۆرتەوە بۆ یانەی بارسێلۆنا، پارەی لەو یانەیە وەرگرتووە.
 
خاڤیێر، هەفتەی پێشوو چووە بەردەمی دادوەر، بۆ قسەکردن لەسەر دۆسێیەکە، دوای هاتنە دەرەوە لە دادگا گوتی، "تەنیا بەرگریم لەو راستییانە کرد کە دەیانزانم".
 
رادیۆی 'کادینا سێر'، قسەکانی کوڕی جێگری سەرۆکی پێشووی دەستەی ناوبژیوانانی لالیگای لە دادگا بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا دووپاتیکردووەتەوە بەرپرس نییە لە هەڵسوکەوتەکانی باوکی، ئەو پارەیەشی لەو یانەیەی وەرگرتووە، بەرامبەر ئەو راپۆرتە هونەرییانەبووە کە ئامادەی کردوون، لە رێگەی خۆسێ کۆنترێراسەوە.
 
 نێگرێرای باوک، نزیکەی 7،5 ملیۆن یۆرۆی لە نێوان ساڵانی 2001 تاوەکو 2018 لە یانەی بارسێلۆنا وەرگرتووە، لە بەرامبەر پێدانی راپۆرت لەسەر دۆخی ناوبژیوانانی لالیگا، لە کاتێکدا بەپێی قسەکانی ئەو، کوڕەکەی کە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، نزیکەی 1،4 ملیۆن یۆرۆی بەرامبەر ئامادەکردنی ئەو راپۆرتانە لە رێگەی کۆمپانیاکەیەوە وەرگرتووە.
 
خاڤیێر، لە قسەکانیدا دەڵێ، "ئەو پارەیەی باوکم وەری گرتووە، هیچ پەیوەندییەکی بەو کارانەوە نییە کە من بۆ بارسێلۆنام کردوون". روونیکردووەتەوە، ئەو راپۆرتانەی دەمدایە تیپی یەکەم و تیپی دووەمی یانەکە، لە رێگەی کۆمپانیای کۆنترێراسەوە، هونەری بوون و بەرامبەر 70 هەزار یۆرۆی ساڵانە بوون".
 
خاڤیێر هەموو قسەکانی بەئاراستەی بیانوو هێنانەوەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارسێلۆنا، رەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکی بەو رێکەوتنەوە هەبێت کە باوکی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا دروستیکردووە و دەڵێ، "هیچ زانیارییەکم لەسەرئەو پسووڵانە نییە کە بارسێلۆنا بۆ کۆمپانیا جیاوازەکانی کردووە و پەیوەندییان بە راپۆرتە هونەرییەکانەوە هەبووە".
 
سەرنجڕاکێشترین قسەی کوڕەکەی نێگرێرا، رەخنەگرتنی لە باوکێتی و دەڵێ، "باوکم هەموو جارێک پێی دەگوتم لە رووانگەی ئەخلاقییەوە ناتوانم لەگەڵ هیچ یانەیەکی تۆپی پێ کاربکەم، چونکە من جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانم. باوکم ئەو جۆرە کارانەی بە نائەخلاقیی ناودەبرد".
 
خاڤیێر، دووپاتیدەکاتەوە پەیوەندییە پیشەییەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا یاسایی بووە، هەروەها هیچ زانیارییەکی لەبارەی مامەڵەکانی باوکی لەگەڵ یانەکە نەبووە، تەنیا پاش ساڵانێکی زۆر نەبێت. ئەو دەڵێ، "ساڵی 2021 بۆ یەکەمجار بەبابەتەکم زانی، کاتێک پێداچوونەوەی باجەکانی نێوان 2016 تاوەکو 2019م کرد و ئەوکات پسووڵەیەکم بەناوی بارسێلۆناوە بینی، ئەوکات زۆر تووڕەبووم، دواتر بۆم دەرکەوت بابەتەکە لە نێوان 2001 و 2022 سەریهەڵداوە".
 
خاڤیێر هەروەها باسی قسەکردنی لەگەڵ باوکی کردووە لەبارەی دۆسێیەکەوە و دەڵێ، "داوای روونکردنەوەم لێکرد لەسەرئەوەی روویداوە، ئەو خۆی دزییەوە و گوتی ئیشەکە پەیوەندی بەتۆوە نییە. من باوکمم زۆر خۆشدەوێت، بەڵام ناتوانم نکوڵی لەوە بکەم، ئەوەی کردوویەتی سەرکوتکارانە بووە، ئەو هەر کاتێک پرسیارم لەبارەی ئەو بابەتەوە لێدەکرد، پێی دەگوتم، تۆ چ پەیوەندیت بەو بابەتەوە هەیە؟".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە