مۆندیال ئەستێرەیەک ناچار دەکات لە بارسێلۆنا بڕوات

23-10-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تێرشتیگن بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

مارک ئاندرێ تێرشتیگن، گۆڵپارێزی ئەڵمانیی یانەی بارسێلۆنا، لە دوای نەشتەرگەریی پشت، قۆناخێکی هێمنانەی لەڕووی گوشاری راگەیاندنەوە بەسەربردووە، دوای هاوینێک کە پڕبوو لە قسە و باس دەربارەی داهاتووی لە یانە کەتەلۆنییەکەدا.
 
لە چەند مانگی رابردوودا، لەگەڵ گەیشتنی گۆڵپارێز خوان گارسیا، ناوی تێرشتیگن لە لیستی ئەو یاریزانانەدا بوو کە بەربژێربوون بۆ رۆیشتن، پێش ئەوەی پێکانەکەی رێڕەوی رووداوەکان بگۆڕێت و گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە لە ریزەکانی بارسا بەردەوام بێت، بەڵام لەوانەیە هەڵوێستەکەی  بۆ ماوەیەکی زۆر بەم شێوەیە نەمێنێتەوە؛ چونکە تۆڕی سکای سپۆرت ئەڵمانیا، لەڕێگەی رۆژنامەنووس فلۆریان بێلتینبێرگەوە، ئاشکرایکرد کە یانەکە ئێستا دوور لە ئەگەری رۆیشتنی تێر شتێگن نییە لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا، چ لەڕێگەی فرۆشتن یان خواستنەوە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، ئەگەری رۆیشتن 'گونجاو و دوور لە ئەگەر نییە' لە سایەی گۆڕانکارییەکانی ئێستای ناو یانە کەتەلۆنییەکە.
هەستیاریی دیمەنەکە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جامی جیهانیی داهاتوو زیاتر دەبێت، چونکە تێرشتیگن پێویستی بە یاریکردنی زۆر هەیە بۆ دڵنیابوون لە شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.
 
مانەوەی لەسەر کورسیی یەدەگ لە بارسێلۆنا و لە حاڵەتی بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا، لەوانەیە دەرفەتەکانی بۆ بەرگریکردن لە گۆڵی مانشافت کەم بکاتەوە، ئەمەش وادەکات بژاردەی رۆیشتن لەڕووی وەرزشییەوە لەم قۆناخەدا زیاتر لۆژیکی بێت بۆی.
 
بەو شێوەیە، داهاتووی تێر شتێگن دووبارە دێتەوە پێشەوە، لە چاوەڕوانی ئەوەی زستان چ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دەهێنێت کە لەوانەیە رێڕەوی گۆڵپارێزە نێودەوڵەتییەکە بگۆڕێت.
 
بارسێلۆنا بەسەرۆکایەتیی دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی و فلیکی راهێنەر، بەهێزەوە متمانەی بە گۆڵپارێزی لاو گارسیا هەیە، و ئەم دیدگایە پاڵپشتییەکی فراوانی لە ناو یانەکەدا هەیە.
 
لە حاڵەتی قبوڵکردنی تێر شتێگن بە رۆڵی گۆڵپارێزی یەدەگ، کارگێڕیی هیچ کێشەیەکی نابێت لە بەردەوامبوونی تاوەکو کۆتایی وەرزی داهاتوو، بۆ ئەوەی دووبارە لە هاوینی داهاتوودا داهاتووی گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
 
بەڵام ئەم سیناریۆیە لەوانەیە مەترسییەکی گەورە بۆ گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە دروست بکات، کە ئاواتی بەشداریکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا لە جامی جیهانیی 2026 لە هاوینی داهاتوودا هەیە، و لەوانەیە ئەمە دوا دەرفەتی بێت بۆ ئەوەی گۆڵپارێزی سەرەکی بێت لە پاڵەوانێتییەکی گەورەدا لەگەڵ ئەڵمانیا.
 
لەگەڵ کەمبوونی بەشداریکردنی تێرشتیگن، چانسەکانی بۆ بەشداریکردن لەگەڵ مانشافت کەم دەبێتەوە، بەتایبەتی لە سایەی ئامۆژگارییەکانی یولیان ناگێلسمانی راهێنەر و هەندێک لە نزیکەکانی بە پێویستی گواستنەوە بۆ یانەیەکی دیکە کە یاریی پێویستی بۆ دابین بکات بۆ پاراستنی ئامادەییەکەی.
 
چاوەڕوان دەکرێت تێرشتیگن لەگەڵ کارگێڕیی بارسێلۆنا کۆببێتەوە هەر کە رەزامەندیی پزیشکی بۆ گەڕانەوەی وەرگرت، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر داهاتووی بکات و بڕیارێکی کۆتایی بدات.
 
گۆڵپارێزەکە چەندین گرێبەستی لە یانەکانی دیکەوە پێگەیشتووە، بەڵام بژاردەی خواستن ئاڵۆز دەردەکەوێت بەهۆی مووچە بەرزەکەی و درێژیی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکەدا.
 
لە سایەی ئەم زانیارییانەدا، هەمووان چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە لە مانگی یەکەی داهاتوودا چی روودەدات، چونکە وا دەردەکەوێت بارسێلۆنا و تێرشتیگن لەسەر دەرگای بڕیارێکی چارەنووسسازدان کە لەوانەیە شێوەی گۆڵپارێزی لە بلاوگرانا لە چەند ساڵی داهاتوودا دیاری بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە