رووداو دیجیتاڵ
دوای بردنەوەی تەڵەبە لە یانەی هەولێر، یاریزانانی یانەکە ماوەیەکی زۆر لە یاریگەدا مانەوە و بەهۆی هێرشی چەند هاندەرێکی هەولێر نەیانتوانی بچنە دەرەوەی یاریگە، لەسەر ئەو رووداوە یانەی تەڵەبە راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "کارگێڕی یانەی تەڵەبە و ستافە تەکنیکی و کارگێڕییەکەی و جەماوەرە دڵسۆزەکەی، سەرکۆنەی توندی ئەو هێرشە ناخۆشە دەکەن کە کرایە سەر تیپی یانەکە لە کاتی ئامادەبوونی لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر لەلایەن هاندەرانی یانەی هەولێرەوە، کە رەفتارێکی رەتکراوەیە و لەگەڵ بەها و رەوشتی وەرزشیدا ناگونجێت."
یانەکە زیاتر دەڵێت "ئەم کارە قبوڵنەکراوە بووەتە هۆی زیان گەیاندنی دارایی بە پاسی یانەکەمان، جگە لە هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر تیپەکە و هاندەرانی یانەکەمان کە بۆ پاڵپشتیکردنی "ئەنیق" هاتبوون، لە دیمەنێکی ئازاربەخشدا کە زیان بە ناوبانگی تۆپی پێی عێراق دەگەیەنێت و هەڕەشە لە سەلامەتی یاریزانان و ستافی تەکنیکی و کارگێڕی دەکات."
یانەی تەڵەبە نووسیوویەتی "لە کاتێکدا کارگێڕیی یانەی تەڵەبە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بەرپرسیاری تەواوی ئەو رووداوانە دەزانێت، داوا لە لیژنەی تەمبێکردن لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەکات توندترین سزای یاسایی و سزادەرانە بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە بگرێتەبەر کە بوونەتە هۆکار، بۆ ئەوەی گەرەنتی دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە بکرێت کە وێنەی رکابەرییە وەرزشییەکان دەشێوێنن و بەها پەروەردەیی و وەرزشییەکانیان لەدەست دەدەن."
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا یانەکەی بەغدا دەڵێت "هەروەها کارگێڕیی یانەکە جەخت دەکاتەوە کە مافی یاسایی خۆی دەپارێزێت لە راوەدوونانی هەر کەسێک کە تێوەگلابێت لەم کارە قێزەونانە و لە هەمان کاتدا داوا دەکات پاراستنی پێویست بۆ هەموو تیپەکان دابین بکرێت، بەجۆرێک کە ژینگەیەکی ئارام گەرەنتی بکات کە تێیدا گیانی وەرزشی و رێزگرتن لە یەکدی باڵادەست بێت."
لە یارییەکەدا یانەی تەڵەبە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی هەولێر بەدەستهێنا، بەڵام هەولێر هەر لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە مایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ