رووداو دیجیتاڵ
شاندی هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران، ئوسترالیایان بەجێهێشت و دوای ماڵئاواییکردنیان لە رکابەرییەکانی جامی ئاسیا دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، یاریزانێکی هەڵبژاردەکەش لە ترسی سەلامەتیی خێزانەکەی بڕیاری گەڕانەوەی داوە.
ئێران لە جامی ئاسیای خانمان بەشداربوو، زیاتر لە هەفتەیەک لە گۆڵد کۆست لە ئوسترالیا سەرقاڵی مەشق و راهێنان، یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بوون، کاتێک جەنگ دەستیپێکرد و ئەوان لە یاریی یەکەمدا سروودی نیشتمانیان نەگوتەوە، بابەتەکە زۆر لەوە گەورەتربوو کە تەنیا بەشداریکردنی ئەوان بێت لە جامی ئاسیادا.
بەهۆی ئەو دۆخەی شاندی تیپەکە دوای یاریی یەکەمی هەڵبژاردەکە بەرامبەر کۆریای باشوور و بەهۆی نەگوتنەوەی سروودی نیشتمانی وڵاتەکە تووشی بوو، پێنج یاریزان شوێنی مانەوەی هەڵبژاردەکەیان بەجێهێشت و داوای مافی پەنابەریی لە ئوسترالیا کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا پاڵپشتیی ئەو خانمانەی کرد و داوای لە وڵاتەکە کرد مافی پەنابەرییان پێبدات، دوای ئەوە سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا پێدانی مافی مانەوەی بە یاریزانەکان راگەیاند.
بەر لە گەڕانەوەی شاندی هەڵبژاردەی ئێران بۆ وڵاتەکەیان، دوو ئەندامی دیکە کە یەکێکیان یاریزانە و ئەوەی دیکەیان ئەندامی دەستەی هونەرییە، داوای مافی پەنابەرییان کردبوو، ئوسترالیا داواکاریی هەردووکیانی قبوڵ کرد، بەڵام یەکێکیان بەر لە فڕینی فڕۆکەی شاندی هەڵبژاردەکە پەشیمانبووەوە و دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی.


بەر لە گەڕانەوەی هەڵبژاردەی ئێران بۆ وڵاتەکەیان، بەرپرسانی ئوسترالیا بە جیا قسەی لەگەڵ ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەکە کرد، بۆ ئەوەی بۆچوونیان لەبارەی مانەوەیان لە وڵاتەکە وەربگرن، ئەوە ناڕەزایەتی لایەنی ئێرانیی لێکەوتەوە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، یەکێک لە یاریزانەکان بڕیاری دابوو لە ئوسترالیا بمێنێتەوە، بەڵام لە ترسی سەلامەتی خێزانەکەی بڕیارەکەی گۆڕی و بە ناچاری گەڕایەوە، رەوەندی ئێرانی لە ئوسترالیا هەوڵیانداوە نامەیەکی دنەگی دایکی یاریزانێک بۆ ئەندامانی شاندەکە لێبدەنەوە بۆ ئەوەی ناچاربن بگەڕێنەوە، بەتایبەت یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە گوشاری لە یاریزانەکان کردووە، بەرپرسانی ئێرانیش داوایان لە یاریزانەکان کردووە بگەڕێنەوە، چونکە خێزانەکانیان نیگەرانن."
دەنیز تۆپچی خەڵکی ئێرانە و دانیشتووی ئوسترالیایە، ئەو دەڵێت "پەیامەکە جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە، چونکە کاتێک ئەم جۆرە پەیامانە بڵاودەکەنەوە مەبەستیان ئەوەیە، خێزانەکانتان لای ئێمە وەکو بارمتەن، ئەگەر دەتانەوێت ئەو نیگەرانییە بڕەوێننەوە، دەبێت بگەڕێنەوە، بۆیە بەڕاستی ئێمە نازانین لە پشت پەردەوە چی روودەدات، بەڵام ئەوەی دەیزانین ئەوەیە یاریزانەکە بە ناچاری بڕیارەکەی گۆڕی و لە دوایین ساتدا بەڕاکردن بەرەو فرۆکە رۆیشتووە."


هەڵبژاردەی ئێران لە جامی ئاسیای خانمان هەر سێ یارییەکەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا دۆڕاند، ماڵئاواییکردنی هەڵبژاردەکە هێندە نەبووە گرنگیی پێنەدرا و چیرۆکی هەڕەشەکردن لە یاریزانەکانە و وەرگرتنی مافی مانەوە لە ئوسترالیا لەلایەن چەند یاریزانێکی تیپەکەوە بووە بابەتێکی گەرمی جیهان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ