رووداو دیجیتاڵ
هەولێر لە یارییەکی دواخراوی گەڕی 20ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر یانەی دیالە تۆمارکرد و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە. یارییەکە لەسەر یاریگەی فرەنسۆ هەریری و بە بێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەچوو، مایکۆڵ کابرێرا بووە ئەستێرەی یارییەکە و هەردوو گۆڵی هەولێری تۆمارکرد.
لەبەر نالەباری بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، یارییەکە بە بێ هاندەر ئەنجامدرا. شێرزوود تێمیرۆڤ، هێرشبەری هەولێر و گۆڵکاری خولەکە بەهۆی بانگهێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان بەشداری یارییەکەی نەکرد، راهێنەر لە شوێنی ئەو مایکۆڵ کابرێرای ئۆرۆگوایی وەک هێرشبەری سەرەکی یارییپێکرد.
هەولێر لە سەرەتای یارییەکەوە بە هێرشبردن دەستیپێکرد، بەڵام مەترسییەکان کەم بوون تاوەکو لە خولەکی 46 مایکۆڵ کابرێرا دوای وەرگرتنی ئەسیستێکی نایاب لە کریستیان بارکۆ، گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد و هەولێری بە گۆڵێک پێشخست.
لە نیوەی دووەمدا ململانێی یاریزانان لە ناوەڕاستی یاریگە زیاتر بوو و هەردوولا هەوڵیان دەدا جڵەوی یارییەکە بگرنەدەست. لە خولەکی 61 کریستۆڤەر جۆن لە هێرشێکی پێچەوانەدا تۆپێکی گەیاندە مایکۆڵ کابرێرا، ئەویش بە شێوەیەکی نایاب گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد. کابرێرا بەم درەوشانەوەیەی پەیامێکی ناراستەوخۆی بۆ تێمیرۆڤ نارد و گوتی ئەگەر تۆش لێرە نەبیت هەولێر براوە دەبێت و لە دەستێکی پارێزراوە.
بەم سەرکەوتنە، هەولێر کۆی خاڵەکانی گەیاندە 49 خاڵ و پلەی سێیەمی ریزبەندییەکەی گرت، تەنیا بە جیاوازی گۆڵ لەدوای یانەی شورتە دێت، یانەی جەویەش بە 55 خاڵ لە سەرتۆپی لیستەکەدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ