رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی ئیسپانیا نهێنییەکی گەورەی نێوان هەردوو یاریزانی بارسێلۆنا، رافینیا و خوان گارسیای گۆڵپارێز ئاسکرا دەکەن و دەڵێن "لە راستیدا خوان گارسیا هیچ پێکان و هیچ ئازارێکی نەبووە کاتێک خۆی وانیشاندا کە تووشی پێکان بووە و یارییەکەی بارسێلۆنا و رایۆ ڤاییکانۆ ماوەیەک راوەستە، بەڵکو ئەو فێڵێک بوو گارسیا لەسەر داوای رافینیا کردوویەتی".
رافینیای یاریزانی بەرازیلی، هێرشبەری باڵی یانەی بارسێلۆنا، زیرەکیی خۆی بەکارهێنا بۆ راگرتنی یارییەکەی دوێنێ یەکشەممەی نێوان بارسێلۆنا و رایۆ ڤایێکانۆ بۆ ماوەی چەند خولەکێک.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، رافینیا داوای لە خوان گارسیای گۆڵپارێز کردووە کە خۆی وا نیشان بدات کە تووشی پێکان بووە بۆ ئەوەی یارییەکە رابگیرێت؛ ئەمەش بۆ ئەوەی یاریزانە بەرازیلییەکە هەلێکی دەستبکەوێت بۆ گۆڕینی پێڵاوەکانی، چونکە لە خولەکەکانی سەرەتای یارییەکەدا هەستی بە ئارامی نەدەکرد تێیاندا.
لە خولەکی 20ـی یارییەکەدا، خوان گارسیای تەمەن 24 ساڵ دەستی بەرزکردەوە و داوای هاتنە ناوەوەی تیمی پزیشکی کرد، ئەمەش راستەوخۆ دوای ئەوەی گەڕاندنەوەیەکی ناوازەی بۆ تۆپێکی کارلۆس مارتن ئەنجامدا و گۆڵێکی مسۆگەری لە خاوەن یاریگا گرتەوە. دواتر دکتۆر ریکارد برۆنا و یاریدەدەرەکانی بەخێرایی چوونە ناو یاریگا بۆ پشکنینی باری تەندروستی گۆڵپارێزەکە.
دوای یارییەکە، خوان گارسیا بەپێکەنینەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی DAZN گوتی "هەستم بە کەمێک ماندوێتی و قورسی کرد لە ماسوولکەکانمدا"، ئەو بزەیەی سەر لێویشی وەک ئەوە وابوو کە شتێکی لە پشتەوە بێت.
رۆژنامەنووس میریا رویز لە رادیۆی کەتەلۆنیا راستیی ئەم زانیارییانەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە رافینیا کاتی چارەسەرکردنی گارسیای قۆستووەتەوە بۆ گۆڕینی پێڵاوەکانی کە هەستی پێیەکانی باش نەبووە. ئەم دیمەنە فێڵێکی زیرەکانەی یاریزانە بەرازیلییەکە بوو کە هاوڕێ گۆڵپارێزەکەشی تێیدا بەشداربوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ