رووداو دیجیتاڵ
کیڤن دی برۆین، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی، رووگەی خۆی لە دوای یانە ئینگلیزییەکە دیارییکردووە و بەپێی سەرچاوەکان، ئەو یاریزانە هەر بە شینپۆش دەمێنێتەوە.
بڕیارە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، دی برۆین ریزەکانی مانچێستەر سیتی بەجێبهێڵێت. ئەو یاریزانە ئەگەرچی ئاشکرایکردبوو ویستی بەردەوامبوونی لە ریزەکانی سیتیزن هەیە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە، گرێبەستی ئەویان نوێنەکردەوە.
میدیای ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، لە دوای سیتی، رووگەی داهاتووی ئەو ناوەڕاستکارە بەلجیکییە، ئیتاڵیا و بەدیاریکراوی یانەی ناپۆلییە.
سەرچاوەکان دەڵێن، لەسەرەتای وەرزی داهاتوودا، دی برۆین درێسی شینی ئاسمانیی یانەکەی باشووری ئیتاڵیا دەپۆشێت.
ئەو سەرچاوانە دووپاتیانکردووەتەوە، دی برۆین، رەزامەندیی سەرەتایی بۆ چوونە ناپۆلی لە هاوینی ئەمساڵدا داوە، لە کاتێکدا گرێبەستەکەی لەگەڵ سیتی لە 30ی مانگی حەوت کۆتایی دێت.
سەرچاوە ئیتاڵییەکان دەڵێن، لایەنی خێزانی رۆڵی گەورەیان لە دیاریکردنی چارەنووسی ئەو یاریزانەدا هەبووە، چونکە هاوژینەکەی دی برۆین، رەزامەندیی داوە بەوەی بچێتە شاری ناپۆلی و تێیدا بژی.
ئەو سەرچاوانە هەروەها ئاشکرایانکردووە، لەماوەی رابردوودا هاوژینەکەی دی برۆین سەردانی شارەکەی کردووە و کەشەکەی بەدڵبووە.
دی برۆین ساڵی 2015 پەیوەندی بە مانچێستەر سیتییەوە کرد، یەکێک لە یاریزانە مێژووییەکانی یانەکە و لەگەڵیدا شەش نازناوی پرێمەرلیگ و نازناوێکی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە و دووجاریش بەباشترین یاریزانی وەرز لە ئینگلتەرا دەستنیشانکراوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەو ئەستێرەیە دەستەوارەی ناپۆلی لە رووی لایەنی ژیان و وردەکارییە کەسییەکانەوە بەدڵبووە، بەڵام رێکەوتنی کۆتایی لەبارەی مەرجە داراییەکانەوە نەکراوە.
ناپۆلی دوێنێ شەو بۆ چوارەمجار لە مێژووی خۆیدا، نازناوی خولی ئیتاڵیای بەدەستهێنا.
سەرچاوەکانی ئیتاڵیا گرێبەستەکەی دی برۆین بەیەکێک لە دیارترینەکانی هاوینی ئەمساڵ ناودەبەن ئەگەر سەربگرێت، پێیانوایە ئێستا ئیدی دوایین بڕیار لەبارەی گرێبەستەکەوە لەدەستی ئۆریلیۆ دی لاورێنتسی سەرۆکی یانەی ناپۆلییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ