رووداو هەولێر
پەرلەمانتارێکی عێراق داوا دەکات هاوشێوەی کوردستان، وانەی شەترەنج بخرێتە میتۆدی خوێندن لە قوتابخانەکانی عێراق. سەرۆکی شەترەنجی عێراق سوپاسی ئەوە پەرلەمانتارە دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوەی لە کوردستان کراوە هەنگاوێکی پەروەردەیی گرنگە.
شەش ساڵە شەترەنج وەک وانەیەکی سەرەکی لە 17 پەیمانگای وەرزشی دەخوێندرێت، سێ ساڵیشە لەگەڵ وانەی وەرزش لە هەندێک لە قوتابخانەکان دەخوێندرێت و وەزارەتی پەروەردە ئەو پڕۆژەیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یانەی خانزاد بەڕێوەدەبات.
نەهلە محەممەد، پەرلەمانتاری کورد نووسراوێکی بۆ لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق کردووە، داوایکردووە بەسوود وەرگرتن لەو ئەزموون و کارەی یانەی شەترەنجی خانزاد لە کوردستان دەیکات، وانەی شەترەنج بخرێتە پڕۆسەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، لەبەرئەوەی وانەیەکە بۆ هزری قوتابی بەسوودە.
یەکێتیی شەترەنجی عێراق لە وەڵامی نووسراوەکەی نەهلە محەممەدی خانمە پەرلەمانتاری کورددا، سوپاسی ئەو پێشنیازە دەکات و جەخت لەسەر گرنگی ئەوە هەنگاوە دەکات و پاڵپستیی خۆی بۆ ئەو کارە نیشان دەدات کە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بە یارمەتی یانەی شەترەنجی خانزاد کردوویەتی.
دڵزار حەمەساڵح، سەرۆکی یانەی شەترەنجی خانزاد لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو گوتی "دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی بەپاڵپشتی وەزیری پەروەردەی حکومەتی کوردستان و مامۆستا بورهان ئەرگوشی راوێژکاری وەزارەتەکە بەدەستمان هێناوە، ئێستا پێشنیاز کراوە بۆ ئەوەی وانەی شەترەنج لە پڕۆسەی خوێندنی عێراق هاوشێوەی کوردستان بخوێندرێت کە ئەمە جێگای دڵخۆشیمانە و ئامادەین هەماهەنگی و هاوکارییان بکەین".
کتێبی خوێندنی یاریی شەترەنج بە زمانی کوردی و عەرەبی چاپکراوە، لەلایەن تیمێکی شارەزا لە یانەی خانزاد بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی رووسیا، ئەرمینیا، پۆلۆنیا کە یاری شەترەنج وەک وانەی سەرەکی لەو وڵاتانەدا دەخوێندرێت، یانە کورددستانییەکە باشترین وانەکانی دەرهێناوە بۆ ئەوەی هزری قوتابی کورد بەهێز بێت و بەجوانترین شێوەش فێری جوڵاندنی داشەکان بێت.
سەرۆکی یانەی خانزاد زیاتر روونیکردەوە "خولی تایبەتمان بە هاوکاری وەزارەتی پەروەردە بۆ 150 مامۆستای وانەی وەرزشی قوتابخانەکان کردووەتەوە، پلانی داهاتوومان کردنەوەی خولە بۆ 500 مامۆستای دیکە لەسەر ئاستی هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان، دڵنیام لە چەند ساڵی داهاتوو منداڵان و لاوانی ئێمە زۆر جیاواز دەردەکەون بەهۆی خوێندنی یاری شەترەنج کە وا دەکات هزریان فراوانتر بێت و بیرکردنەوەیان بەهێزتر بێت لەگەڵ دروستبوونی توانای دان بەخۆداگرتن".
دڵزار حەمەساڵح، بە رووداویشی گوت "کتێبی یاریی شەترەنجی یانەی خانزاد لەلایەن وڵاتانی ئیماراتەوە داواکراوە و دەیانەوێت سوود لەو پڕۆگرام و ئەزموونەی یانەکە ببینن و بە هەمانشێوە ئەوانیش وەک پڕۆگرام لە خوێندن دایبنێن".
یانەی خانزاد لە 1998 دامەزراوە، خاوەن 11 تیپی تەمەن جیاوازی یاری شەترەنجە لەسەر ئاستی کوڕان و کچان کە بەردەوام لە پلەکانی پێشەوەی پاڵەوانێتیی عێراقن، یاریزانانی یانەکەش بەشداری پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەب و ژمارەیەک پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیان لەسەر ئاستی وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا کردووە، لە پشووی هاوین یانەکە بۆ بڵاوکردنەوەی زیاتری یارییەکە و بەردەوام دروستکردنی یاریزانی باش خولی هاوینەی بەزمانی کوردی و ئینگلیزی بۆ منداڵان کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ