خولی نایاب دەستیپێکرد و چوار یاری بە یەکسانبوون کۆتاییهات

24-10-2019
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو-هەولێر 

یارییەکانی وەرزی 2019-2020ـی خولی یانە نایابەکانی کوردستان بە ئەنجامدانی شەش یاری لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر و سیروانی نوێ براوەبوون.

پێشمەرگەی هەولێر لە یاریگەی خۆیدا لە شارۆچکەی پیرمام لە کەشێکی باراناویدا بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک شکستی بە یانەی شێروانە هێنا، هەردوو گۆڵەکەی پێشمەرگە لەلایەن عەبدوڵڵا سەربەست لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا تۆمارکران، یەکەمیان بە لێدانی سزا و ئەوەی دیکەش بە لێدانی راستەوخۆ بوو، تاکە گۆڵەکەی یانەی شێروانەش یاریزان عەلی کاکەمینە لە گێمی دووەمدا تۆماریکرد.

بردنەوەیەکی دیکەی ئەمڕۆ بۆ یانەی سیروانی نوێ بوو، کە بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە یانەی زێرەڤانی بردەوە، ئەمە یەکەم دەرکەوتنی یانەکەی شاری سلێمانی بوو لە دوای دووساڵ لە دابەزینی بۆ خولی یانە پلە یەکەکان.

چوار یارییەکەی دیکەی گەڕی یەکەمی خولی کوردستان بە یەکسانبوون کۆتاییهات، لە گرنگترین یاریدا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بە ئەنجامی گۆڵێک بۆ هەرلایەکیان لەگەڵ یانەی هەولێر یەکسان بوون، گۆڵەکەی پێشمەرگەی سلێمانی ریکان رزگار لە خولەکی 71ـدا بە لێدانی سزا تۆماریکرد، دوای چوار خولەک لەو گۆڵە کاردۆ کەمال ئەنجامەکەی بۆ یانەی هەولێر یەکسانکردەوە و یارییەکە 1-1 کۆتاییهات.

لە یارییەکی دیکەشدا کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، یانەی هەندرێن میوانداری یانەی برایەتی کرد، یارییەکە 0-0 کۆتاییهات و گرنگترین رووداوی یارییەکەش بەفیڕۆدانی لێدانێکی سزابوو لەلایەن یاریزانانی برایەتییەوە لە خولەکی 3ـی یارییەکە.

لە یارییەکی جەماوەریدا یانەی دەربەندیخان لەسەر یاریگەی خۆی بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی دهۆک یەکسان بوو.

هەمان ئەنجامی یارییەکەی دەربەند و دهۆک لە یاری سۆران و نەورۆز بینرا، دوای ئەوەی بەبێ گۆڵ یەکسان بوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە