رووداو دیجیتاڵ
یانەی گاڵاتەسەرای تورکی بۆ تەواوکردنی رێگەکەی بەرەو گەیشتن بە قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەچێتە ئیتاڵیا و رووبەڕووی یوڤێنتوس دەبێتەوە.
گاڵاتەسەرای لە یاریی یەکەمدا سەرکەوتنێکی گرنگی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بەدەستهێناوە و نیوەی رێگەی بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بڕیووە و دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بگاتە قۆناخی شازدە.
گاڵاتەسەرای لە دوایین یاریی خولی تورکیادا چوار رۆژ لەمەوبەر بە یانەی کۆنیاسپۆر دۆڕاوە، بەڵام هێشتا پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە و نایەوێت لەژێر کاریگەریی ئەو دۆڕانە یارییەکە بکات.
یانەی یوڤێنتوس بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، یانەکە جگە لەوەی لە یاریی رابردوودا بەرامبەر گاڵاتەسەرای دۆڕاندووە، پێنج یارییە هیچ بردنەوەیەکی نییە و ئەرکی بۆ یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر یانە تورکییەکە زۆر زەحمەتە.
براوەی یاریی نێوان هەردوو یانە لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر یەکێک لە یانەکانی لیڤەرپوول یان تۆتێنهام یاریی دەکات.
خوان کابرال بەهۆی کارتی سوورەوە، ئاندریا کامبیاسۆ، دوشان ڤلاهۆڤیچ و ئێمیل هۆڵم لە یوڤێنتوس بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
گاڵاتەسەرای بەتەواوی پێکهاتەکەیەوە ئامادەیە و دەیەوێت ئەوەی لە ئیستەنبوڵ کردی لە تۆرین دووبارەی بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ