رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی فەنەرباخچە، بووە هۆی ئاشکراکردنی سکانداڵێکی گەورەی نێو تۆپی پێی تورکیا و بەهۆیەوە سەرجەم ئەندامانی لیژنەی رێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، دەستیان لەکارکێشایەوە.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، سکرینشۆتی نامەی واتسئاپی ئەندامانی لیژنەی رێککاری، سەر بەفیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیایان بڵاوکردەوە، کە لە نامەکاندا هێرشدەکەنە سەر مۆرینیۆ و هەڕەشەی سزادانی لێدەکەن لە وەرزی داهاتوودا.
سکرینشۆتەکەی نێوان ئەندامانی لیژنەکەی سەر بەفیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، رۆژی سێشەممە بەفراوانی بڵاوبووەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری لە میدیا و سۆشیال میدیای تورکیادا هەبوو. ئەمڕۆ سەرجەم ئەندامانی لیژنەکە دەستیان لەکارەکانیان کێشایەوە.
بەپێی نامە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان ئەندامەکانی لیژنەکە، ئەوان ناڕەزایەتیی و رقی زۆریان لە مۆرینیۆ لەدڵدایە و هەڕەشەی زۆری لێدەکەن.
لە سکرینشۆتێکی نامەکاندا، سەرۆکی لیژنەکە نووسیویەتی "وەرزی داهاتوو، وا لە مۆرینیۆ دەکەین باجێکی قورس بدات، لە وەرزی ئەمساڵدا، ئێمە زۆر لێبووردە بووین لەگەڵی".
وەرزی رابردوو، جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری فەنەرباهچە، چەند جارێک هێرشی کردبووە سەر شێوازی بەڕێوەبردنی خولی تورکیا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە و بەلایەنگریکردنی یانەی گاڵاتاسەرای تۆمەتباری دەکردن، هەربۆیە چەند جارێک لەلایەن لیژنەی رێککاری سەر بەفیدراسیۆنەکەوە سزای جیاوازی بەسەردا سەپێنرا.
ئەو راهێنەرە، لە مانگی 2ی ئەمساڵ، دوای ئەوەی بە یاریزانانی گاڵاتاسەرای گوت "وەک مەیمون هەڵدەپەڕن" سزای پێبژاردنی 558 هەزار لیرەی تورکی (کە دەکاتە زیاتر 14 هەزار دۆلاری ئەمریکی) و راگرتن بۆ دوو یاری بەسەردا سەپێنرا.
لە مانگی 4ی هەمان ساڵدا، دوای یاریی گاڵاتاسەرای و فەنەرباهچە، مۆرینیۆ هێرشیکردە سەر راهێنەری گاڵاتاسەرای و بەهۆیەوە، بۆ 3 یاریی دیکە راگیرا.
جگە لەوانە، مۆرینیۆ جارێک کارتێکی سووری وەرگرتبوو و دوو کارتی زەردیشی بەڕوودا بەرزکرابووەوە، جارێکیش لەبەر هەڵسوکەوتی نەگونجاو، بۆ یارییەکی دیکە راگیرا.
مۆرینیۆ لەناوەڕاستی ململانێکانی وەرزی رابردووی خولی تورکیادا گوتبووی، "ئەگەر ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە خولەکەدا هەبێت، لە زووەوە پاڵەوان دەبووین".
دوای بڵاوبوونەوەی سکرینشۆتەکان، یانەی فەنەرباهچە راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووە و گوتیان "پێمانوایە ئەم بیرکردنەوە دوژمنکارانەیە بەئاشکرا دژی پرەنسیپی بێلایەنییە، لە تۆڵەسەندنەوە و رووبەڕووبوونەوەوە سەرچاوەی گرتووە و لە خولی تورکیا جێگەی نابێتەوە".
یانەکە هەروەها دەڵێت "ئەگەر ئەم سکرینشۆتانە راست بن، نەک تەنیا بێلایەنیی لیژنەکە دەکەوێتە ژێر گومانەوە، بەڵکو ناوبانگ و متمانەی گشتی بە تۆپی پێی تورکیا زیانی پێدەگات".
ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی، سەرۆکی لیژنەکە و سەرجەم ئەندامەکانی دەستیان لەکارکێشایەوە و تاوەکو ئێستا دیارنییە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان چی دەبێت.
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پێشتری یانەکانی پۆرتۆ، چێڵسی، ئینتەرمیلان، ریال مەدرید، مانچێستەر یونایتد و تۆتێنهام، هاوینی رابردوو مەشقدانی یانەی فەنەرباهچەی وەرگرت، وەرزی رابردوو پلەی دووەمی خولی تورکیای بەدەستهێنا و تاکە راهێنەرە لە ماوەی 43 ساڵی رابردوودا، لە دوای لەدەستدانی نازناوی خولی تورکیا، لە مەشقدانی یانەی فەنەرباهچە بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ