رووداو - هەولێر
یانەی نیوکاسلی ئینگلیزی دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ قوربانییەکی زینەدین زیدان، راهێنەری یانەی ریال مەدرید واژۆبکات.
میدیای بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی محەممەد بن سەلمان، شازدەی جێنشینی سعودیە لە کڕینەوەی زۆرینەی پشکەکانی یانەکە نزیکبووەوە ناوی چەند یاریزان بە یانەکەوە بەستراونەتەوە.
ئەو ناوانەی لەگەڵ نیوکاسل دەهێندرێن، ئارتورۆ ڤیدال، فیلیپی کۆتینیۆ، ئیدینسۆن کاڤانین، لەگەڵ ئەگەری گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەرێکی بەنێوبانگ، کە ئێستا ناوی ماسیمیلیانۆ ئالێگری و ماوریسیۆ پۆچێتینۆ لەگەڵ یانەکە دەهێندرێت.
بەپێی میدیای بەریتانیا یەکێکی دیکە لەو ناوانەی کە نیوکاسل دەیەوێت لەپێناو بەهێزکردنیدا گرێبەستی لەگەڵ واژۆبکات، گاریس بەیڵ ئەستێرەی وێلزی و یانەی ریال مەدریدە.
یانە ئینگلیزییەکە دەیەوێت سوود لەو پەیوەندییە خراپەی زینەدین زیدان و بەیڵ وەربگرێت، بۆ ئەوەی یاریزانەکە بباتە سانت جەیمس پارک، بەتایبەت کە راهێنەرە فەرەنسییەکە زۆر پشت بەو یاریزانە نابەستێت.
لەگەڵ ئەوەی کە دوای کڕینەوەی یانەکە لەلایەن دەستەی وەربەرهێنانی سعودیە بەسەرۆکایەتی محەممەد بن سەلمان، یانەکە زۆر دەوڵەمەند دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێت گرێبەستی زۆر گەورە واژۆ بکات، ئەمەش لە ترسی پێشێلکردنی یاسای یاریی خاوێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ