ئەمڕۆ دوو یاری لە خولی نایاب دەکرێن

25-11-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ لە خولی نایابی کوردستان دوو یاری بەڕێوەدەچن، دەربەندیخان لە پیرمام میوانە، زاخۆش لەگەڵ سۆران یاری دەکات.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی هەشتەمی خولی نایابی کوردستان، یانەی ئارارات لە پیرمام میوانداریی یانەی دەربەندیخان دەکات، ئەم یارییە لە کاتێکدایە هەردوو تیپ لە رووی ژمارەی خاڵ و تەنانەت ئاستیشەوە لە یەکدییەوە نزیکن، ئەم یارییە لە کاژێر 14:00 دەکرێت.
 
ئارارات لە گەڕی رابردوودا لە یاریی دێربیی پیرمام بە ئەنجامی 2-1 شکستی بە یانەی پێشمەرگەی هەولێر هێنابوو، بۆ ئەم یارییەش چاوی لەوەیە لەسەر یاریگەی خۆی سێ خاڵ بەرامبەر دەربەندیخان بباتەوە.
 
ئارارات لە سەرەتای ئەم هەفتەیە گرێبەستی لەگەڵ فایەق خزر، هێرشبەری پێشووی یانەی ئاشتی و چەند یانەیەک لە خولی پلە یەکی عێراق واژۆکرد کە لە هێڵی هێرشبەر یاری دەکات.
 
یانەی دەربەندیخان گەڕی رابردوو نەیتوانی بردنەوە بەسەر یانەی شەقڵاوە تۆماربکات و 0-0 یەکسانبوون، دەربەندیخان یەکێکە لەو یانانەی کە لەم وەرزەدا ئاستی مامناوەندە، سێ یەکسانبوون، دوو بردنەوە و دوو دۆڕانی هەیە، لە ناوەڕاستی ریزبەندییەکەدا جێگیربووە.
 
یارییەکەی ئارارات و دەربەندیخان لە پەیجی رووداو سپۆرتس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بە کۆمێنتاری کوردی (هەکاری قانع).
 
لە یارییەکی دیکەی ئەمڕۆی خولی نایابی کوردستاندا، یانەی زاخۆ لەسەر یاریگەی بارزان میوانداریی یانەی سۆران دەکات، ئەم یارییەش لە کاژێر 14:00 دەبێت.
 
زاخۆ لە گەڕی رابردوودا بەرامبەر بە یانەی نەورۆز تووشی شکستبوو 1-0، لە 7 یاریدا خاوەنی 2 بردنەوە و 3یەکسانبوون و 2 شکستە، 9 خاڵی هەیە و لە پلەی نۆیەمە.
 
یانەی سۆران لە دۆخێکی خراپدایە، چەند گەڕێکی تامی بردنەوەی نەکردووە، لە 7 یاریدا تەنیا 1 بردنەوەی هەیە، 3 جار دۆڕاوە و 3 جاریش یەکسانبووە، تەنیا 6 خاڵی هەیە و لە پلەکانی خوارەوەی ریزبەندییە.
 
یارییەکەی زاخۆ و سۆران لەسەر پەیجی رووداو سپۆرتس راستەوخۆ دەگوازرێتەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە