رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید زۆر تووڕەیە لە هەڵسوکەوتەکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا و داوای قەرەبووی خەیاڵی دەکات و کۆمپانیای سوپەرلیگ ئاگر لە یوفا بەردەدات.
لە پێشهاتێکی دراماتیکیی نوێدا لە ململانێی دەسەڵات و پارە لە تۆپی پێی ئەورووپادا، کۆمپانیای A22ـی بەرپرس لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەی خولی سوپەرلیگی ئەورووپا، ئاوازی قسەکردنی بەرامبەر یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا 'یوفا' تووندتر کردەوە. کۆمپانیاکە داوای مۆڵەتی فەرمی دەکات بۆ دەستپێکردنی پاڵەوانێتییە نوێیەکەی بەناوی 'خولی یونیفای' لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا، بەپشتبەستن بە زنجیرەیەک بڕیاری دادگا، کە لەم دواییانەدا لە بەرژەوەندی ئەوان دەرچوون. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ جوڵە یاساییە گەورەکان کە یانەی ریال مەدرید سەرکردایەتی دەکات بۆ داواکردنی قەرەبووی دارایی بێ پێشینە.
هۆشداریی هەشت هەفتەیی
بێرند رایشارت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای A22، رۆژی هەینی رابردوو نامەیەکی فەرمیی 18 لاپەڕەیی ئاراستەی تیۆدۆر تیۆدۆریدیس، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا کرد و تێیدا داوای لێدەکات لە ماوەیەکدا کە لە 8 هەفتە تێپەڕ نەکات، رەزامەندی پێشوەختە لەسەر پڕۆژەکە بدەن.
رایشارت لە نامەکەیدا جەختی کردەوە کە وەشانی دەستکاریکراوی پڕۆژەکە بەتەواوی لەگەڵ بڕیارە مێژووییەکەی دادگای دادوەریی یەکێتیی ئەورووپا دەگونجێت، کە لە کانوونی یەکەمی 2023 دەرچوو، کە تێیدا دان بەوەدا نرا کە قۆرخکاریی یوفا بۆ پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان و رەفتارەکانی بەرامبەر رکابەرە ئەگەرییەکان، پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاساکانی یەکێتیی ئەورووپایە. ئەم بڕیارە دواتر لەلایەن دادگای بازرگانیی مەدریدەوە پشتڕاست کرایەوە و یوفا ئەم دواییانە شکستی هێنا لە تانە لێدانی.
رایشارت لە نامەکەیدا جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوامیی یوفا لە رەتکردنەوەی پەسەندکردنی پاڵەوانێتییە نوێیەکە، کە رەچاوی رۆژژمێری نێودەوڵەتی و پێوەرە وەرزشییەکان دەکات، بە واتای بەردەوامبوونیەتی لە پێشێلکردنی یاسا. ئاماژەی بەوەش کرد کە سێ دادگای جیاوازی ئەورووپا، لە نێوانیاندا بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری لە یەکێتییەکەدا، بڕیاری یەکدەنگیان دەرکردووە کە هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە لەوەی کە قۆرخکاری و باڵادەستیی یەکێتیی ئەورووپا چیدی قبوڵکراو نییە و دەبێت دەستبەجێ رابگیرێت.
هەروەها رایگەیاند کە یەکێتییتۆپی پێی ئەورووپا، بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو، لە حوزەیرانی ٢٠٢٤دا یاسای نوێی جێبەجێ کردووە کە لەگەڵ بڕیارەکاندا یەکناگرێتەوە، واتە شەش مانگ دوای بڕیارەکەی دادگای ئەورووپا، ئەمەش دامەزراوەکە رووبەڕووی داواکاریی گەورەی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دەکاتەوە لەلایەن لایەنە زیانلێکەوتووەکانەوە، لەوانەش یانەکان و یاریزانان و کۆمپانیای A22.
پێرێز دێتە سەر هێڵ و داوای ملیارەها یۆرۆ دەکات
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان روونیان کردەوە کە یانەی ریال مەدرید بەسەرۆکایەتیی فلۆرێنتینۆ پێرێز، لەگەڵ کۆمپانیا رێکخەرەکە دەستیان کردووە بە رێکارە یاساییەکان بۆ داواکردنی قەرەبووی دارایی بەرامبەر ئەو زیانانەی کە بەهۆی رەتکردنەوەی پاڵەوانێتییە نوێیەکە لەلایەن یوفاوە پێیان گەیشتووە. مەزەندەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یانەی شاهانە داوای بڕی 405 ملیار یۆرۆ دەکات وەک قەرەبووی داهاتە لەدەستچووەکان لە ماوەی راگرتنی پڕۆژەکەدا.
ئەم هەنگاوە تووندە بە سەرکردایەتیی سەرۆکی ریال مەدرید و گەورەترین پشتیوانی پڕۆژەکە دێت، کە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی یانەکەی لە رۆژی یەکشەممە قۆستەوە بۆ ئەوەی هێرشێکی تووند بکاتە سەر یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا.
سیستمی سێ خولەکە
ئەو نامەیەی کە سەرچاوەکانی زە ئاتلێتیک ئاگاداری بوون، وردەکاریی ئەو دەستکارییە جەوهەریانەی تێدایە کە کۆمپانیای A22 لە پێشنیازەکەیدا کردوویەتی دوای حەوت مانگ لە گفتوگۆ لەگەڵ یوفا. کۆمپانیاکە نەرمییکی زۆری نواندووە و ئەوەی پێشکێش کردووە کە بە سازش وەسفی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێکهاتەی گشتیی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکانی ئێستا بگونجێت.
کۆمپانیاکە دەستبەرداری بیرۆکەی خولی یەکێتیی بوو و سیستمی سێ پاڵەوانێتیی پەسەند کرد: خولی ئەستێرەکان (Star)، خولی زێڕین (Gold) و خولی شین (Blue)، بەجۆرێک هەر پاڵەوانێتییەک 36 تیپ لەخۆدەگرێت، کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ژمارەی گشتیی تیپەکان لە سیستمە نوێیەکەی یوفا، بەڵام بەدەستکاری لە شێوازی یاریکردندا بۆ مسۆگەرکردنی جۆشوخرۆشی زیاتر.
بەپێی پێشنیازە نوێیەکە، خولەکان دابەش دەکرێن بۆ دوو کۆمەڵە و هەر کۆمەڵەیەک 18 تیپ لەخۆدەگرێت، کە هەر تیپێک 8 یاری ئەنجام دەدات (4 لە یاریگای خۆی و 4 لە دەرەوە)، بەرامبەر8 رکابەری جیاواز. یانەکان لەڕێگەی پاڵەوانێتییە ناوخۆییە تەقلیدییەکانیانەوە دەگەنە ئەم خولانە، ئەمەش کۆتایی بە مشتومڕی بیرۆکەی 'داخراوی' دەهێنێت کە بووە هۆی شکستپێهێنانی پڕۆژەی یەکەم لە 2021. گەیشتن بە ئاستی یەکەم (خولی ئەستێرەکان) پشت بە پێوەرگەلێکی ورد دەبەستێت کە پاڵەوانی وەرزی پێشوو و پاڵەوانی شەش خولە بەهێزەکە لەخۆدەگرێت بەپێی پۆڵێنکردن، لەکاتێکدا کورسییەکانی دیکە بەپێی پۆڵێنکردن پڕ دەکرێنەوە، لەگەڵ بوونی سیستمی سەرکەوتن و دابەزین و گەیشتن بە قۆناخە یەکلاکەرەوەکان بۆ مسۆگەرکردنی کێبڕکێ تاوەکو دواساتەکانی وەرز.
پێرێز دەست بە خەونەکەیەوە دەگرێت
لەوانەیە سەرنجڕاکێشترین خاڵ بۆ هاندەران لە پڕۆژەی کۆمپانیای A22، پێداگری بێت لەسەر دەستپێکردنی سەکۆیەکی پەخشی جیهانی بە ناوی 'یونیفای'، کە بینینی یارییەکان بەخۆڕایی بۆ هاندەران لە سەرانسەری جیهان دابین دەکات لە بەرامبەر رێکلامدا، لەگەڵ بژاردەی بەشداریکردن بەبێ رێکلام.
فلۆرێنتینۆ پێرێز نموونەی بە سەرکەوتنی ئەزموونی سەکۆی DAZN هێنایەوە لە پەخشکردنی جامی جیهانیی یانەکان لە هاوینی رابردوو بەخۆڕایی، و گوتی دەیەوێت ببینێت منداڵێکی هەژار لە ئەفریقا بتوانێت سەیری یارییەکان بکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە تاکە هۆکاری رەتکردنەوەی ئەم ئاراستەیە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپاوە، ئارەزوویانە بۆ پاراستنی مووچە زەبەلاحەکانیان بۆ ساڵێکی دیکە، لەکاتێکدا یانەکان بەدەست قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی داهاتی پەخشی تەلەڤزیۆنی لە هەندێک خولە گەورەکاندا دەناڵێنن، وەک خولی فەرەنسا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ