رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی لووتکەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی زاخۆ میوانداریی یانەی شورتە دەکات و دەیەوێت ژمارەی خاڵەکانی بەرزبکاتەوە و خزمەتی یانەی هەولێریش بکات.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 24ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 15:30 یانەی زاخۆ لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداریی یانەی شورتە دەکات، یارییەکە یاریی لووتکەیە و هەردوو تیپ دەیانەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە بکەن، شورتە بۆ ئەوەی لە جەوییەی پێشەنگی ریزبەند دوورنەکەوێتەوە و زاخۆش بۆ ئەوەی لە پلەکانی پێشەوە نزیکببێتەوە.
یانەی زاخۆ لە دوو یاریی رابردوودا لەگەڵ گەرمە یەکسانبوو و بەرامبەر موسڵ دۆڕاوە، ئەمڕۆ دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست.
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا ئەحمەد ئیبراهیم بەرگریکاری یانەی زاخۆ، بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوودا بەشداریی ناکات.
یارییەکە لەنێوان زاخۆ و شورتەیە، بەڵام ئەنجامەکەی بۆ هەولێریش گرنگە، لەکاتێکدا ئێستا یانەکە هەمان ژمارەی خاڵەکانی شورتەی هەیە و رکابەری لەسەر پلەی دووەمی ریزبەند دەکەن، بە دۆڕان یان یەکسانبوونی شورتە لە یارییەکەی ئەمڕۆدا و بردنەوەی هەولێر لە نەفتی میسان، یانەکەی پایتەخت دەتوانێت جیاوازییەکەی لەگەڵ شورتە زیاتر بکات.
جگە لەوەش زاخۆ بەبردنەوەی یارییەکە دەگەڕێتەوە سەر رێگەی راست و پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکە لە گەرمە وەردەگرێت.
بەر لە یارییەکە، ئەیوب ئودیشۆ، راهێنەری یانەی زاخۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یارییەکەمان بەرامبەر شورتە گرنگە و ئێمە ئامادەین، شورتە لە تیپە بەهێزەکانە و پێویستە لە یارییەکەدا بەباشترین ئاستی خۆمانەوە دەربکەوین."
راهێنەری زاخۆ زیاتر دەڵێت "دەمانەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانمان بدەین لە یاریگەی خۆمان، ئێمە لە یاریی رابردوودا ئاستێکی باشمان پێشکێش نەکرد، پێویستە بەرامبەر شورتە قەرەبووی بکەینەوە."
ئودیشۆ لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی "گرنگی زۆر بە یارییەکەی بەرامبەر شورتە دەدەین و خاڵەکانی یارییەکەش هاوکار دەبن بۆ چوونە پێشەوە لە ریزبەندی خولەکەدا."
لەلایەن خۆیەوە موئمن سلێمان، راهێنەری یانەی شورتە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "قۆناخی داهاتوو پێویستی بە پاڵپشتییەکی زیاتر هەیە بۆ یاریزانەکان و پێویستە لە گوشارەکان دووریانبخەینەوە، ئێمە رژدین لەسەر کارکردن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی دیاریکراومان و تیپەکەمان ئەزموونی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی سەخت."
موئمن لەبارەی یانەی زاخۆوە دەڵێت "دڵخۆشم بە گەڕانەوەی ئەیوب ئودیشۆ بۆ کارکردن، زاخۆ یاریزانی باشی هەیە و بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین و پێویستە هاندەرانمان بەردەوامبن لە پاڵپشتیکردنی یانەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ