رووداو دیجیتاڵ
وادیارە جەنگ کاریگەری لەسەر هەڵبژاردەی ئێران ناکات و سوورە لەسەر بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026 بۆیە خۆی بۆ دوو یاریی دۆستانە لە وڵاتێکی دراوسێ ئامادە دەکات.
هەڵبژاردەی ئێران، دوێنێ چوارشەممە، مەشق و راهێنانەکانی بۆ دوو یاریی دۆستانەی داهاتوو وەک ئامادەکارییەک بۆ مۆندیال ئەنجامدا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە تیپەکە بەهۆی جەنگی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە کەوتووەتە ژێر گرنگیپێدانێکی زۆرەوە.
هەڵبژاردەکە لە ناوچەی بێلیک، کە ناوچەیەکی نزیک شاری ئەنتاڵیای تورکیایە و دەڕوانێتە سەر دەریای ناوەڕاست، یەکەیەکی مەشقی ئەنجامدا. لەوێدا رێکاری تووند بەرامبەر هاتنەژوورەوەی دەزگاکانی راگەیاندن گیرایە بەر، چونکە بەرپرسان رایانگەیاندووە کە دەیانەوێت لە هەر هۆکارێک کە ببێتە هۆی تێکچوونی سەرنجی یاریزانەکان دوور بکەونەوە.
کەمپی هەڵبژاردەی ئێران هەوڵی داوە لەبەردەم رای گشتیدا بێدەنگی بپارێزێت، لەکاتێکدا تیپەکە خۆی بۆ مۆندیال ئامادە دەکات و پێشبینی دەکرێت رووبەڕووی وردبینییەکی سیاسی و میدیایی چڕ ببێتەوە.
لە بێلیک، ئەنجامدانی هیچ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ یاریزانان یان راهێنەران بەردەست نەبوو. نوێنەرێکی راگەیاندنی هەڵبژاردەکە گوتی "یاریزانەکان بەتەواوی سەرنجیان لەسەر بەرنامەی تایبەتی خۆیانە بۆ کێبڕکێکان".
بڕیارە ئێران لە ئەنتاڵیا دوو یاریی دۆستانە ئەنجام بدات؛ رۆژی هەینی بەرامبەر نایجیریا و رۆژی سێشەممەی داهاتووش بەرامبەر کۆستاریکا.
پێشتر بڕیار وابوو هەردوو یارییەکە لە ئوردن بەڕێوە بچن، بەڵام دوای هەڵگیرسانی جەنگ بڕیاردرا بگوێزرێنەوە بۆ تورکیا.
هێرشبەر سەردار ئازموون لەم دواییانەدا لە لیستی هەڵبژاردەی ئێران دوورخرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی وێنەیەکی لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە کە تێیدا لەگەڵ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، حاکمی دوبەی دەرکەوتبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ